شارپرێس:
مهسعود بارزانى سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان ڕایدهگهیهنێت، "بەدرێژایی ساڵ، کەم ڕۆژ هەن یادی کارەساتو تاوانو زوڵمێک نەبێ کە لەلایەن حکومەتەکانی عێراقهوه دەرهەق گەلی کوردستان کرابێت".
مهسعود بارزانی لەپەیامێکدا بەبۆنەی یادی 42 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکان ڕایگەیاند، "42 ساڵ بەر لەئێستا لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ، ڕژێمی ئهوكاتى عێراق هەشت هەزار پیاوی پیرو گەنجی بارزانی لەتەمەنی نۆ ساڵ هەتا پیرەمێردی 90 ساڵان بەزۆر ڕاپێچی بیابانەکانی باشوری عێراقی کردنو لەوێ دڕندانە کۆمەڵکوژی کردن".
دهشڵێت:"ئەو تاوانە بەشێک لەو تاوانانە بوو کە بەسەر ڕۆڵەکانی گەلی کوردستاندا هاتوە، هەر لەبێسەروشوێنکردنی 12 هەزار گەنجی فەیلیو ئەنفالی گەرمیانو بادینانو کیمیابارانکردنی هەڵەبجەو دەڤەرەکانی تری کوردستان بگرە هەتا تەعریبو ڕاگواستنی بەزۆری هاوڵاتیانی کورد".
بارزانی جەختیکردوەتەوە، "ئەو عەقڵیەتەی لەپشتەوەی ئەو تاوانەو تاوانەکانی تر بوو، عەقڵیەتی شۆڤێنیو نکۆڵیکاری بوو کە بۆ هەموو عێراق بوە سەرچاوەی نەهامەتیو دواکەوتن، بەداخەوە هێشتا هەندێ کەس هەن کە عیبرەتیان لەمێژوو وەرنەگرتوەو هەر بەو عەقڵیەتە سیاسەت دەکەن، دەبێ هەمولایەک بزانن هەتا ئەو عەقڵیەتە مابێت، عێراق هیچکات ناحەسێتەوە".
