چوار بەندکراو لەسێدارە دران

کوردستان

21 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 368 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

سزای سێدارەی چوار بەندكراوی كورد و تورک بە ناوەكانی نەوید ڕۆستەمی، حوسێن ئەكبەری، مەحموود شێربەیگی و ئەبولفەزل شاكری كە پێشتر بە تۆمەتی وەکوو پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكان و كوشتنی بەئەنقەست  سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەكانی كرماشان، ئەراک، قوم و زەنجان جێبەجێ كرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی بەندكراوێكی كورد و خەڵكی كرماشان بە ناوی نەوید ڕۆستەمی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ كرا. ئەم بەندكراوە ٦ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.



هەروەها سزای سێدارەی حوسێن ئەكبەری، تەمەن ٥٠ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراك جێبەجێ كرا. حوسێن ئەكبەری سێ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.



هاوكات سزای سێدارەی مەحموود شێربەیگی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی شەهریاری سەر بە تاران لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم جێبەجێ كرا. مەحموود شیربەیگی سێ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها سزای سێدارەی ئەبولفەزل شاكری، هاووڵاتیی تورک و خەڵكی زەنجان لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان جێبەجێ كرا. ئەبولفەزل شاكری شەش ساڵ پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و لە كۆتاییدا لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئ.ە