شارپرێس:
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "با ئازار‌و تاڵییه‌كانى ڕابردوو، ببنه په‌ندو وانه‌و هانده‌ر تا هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق پێكه‌وه به‌یه‌كتر قبوڵكردن‌و ڕێزله‌یه‌كگرتن‌و لێبورده‌یى بژین‌و بێ جیاوازیى، وڵات كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موان بێت"، ده‌شڵێت:"ڕ‌ژێمى ئه‌وساى عێراق، له‌به‌رده‌م خۆڕاگریى‌و كۆڵنه‌دانى كوردستانییاندا شكستيهێنا".
نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا نوسیویه‌تى، "ئه‌مڕۆ 42 ساڵ به‌سه‌ر تاوانى سامناكى ئه‌نفالكردنى هه‌شت هه‌زار هاوڵاتیى سڤیلى بێتاوانى بارزانیدا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌نفالكردنى بارزانی‌یان له‌لایه‌ن ڕ‌ژێمى ئه‌وساى عێراقه‌وه، به‌رده‌وامیى زنجیره‌یه‌ك تاوانبوو، بۆ شكاندنى ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان‌و قڕكردنى، به‌ڵام له‌به‌رده‌م خۆڕاگریى‌و كۆڵنه‌دانى كوردستانییاندا شكستيهێناو بوه په‌ڵه‌یه‌كى ڕه‌ش به‌نێوچه‌وانى ئه‌نجامده‌رانییه‌وه".
له‌په‌یامێكیشدا بۆ به‌غدا، سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌ڵێت، "له‌م یاده‌دا جه‌خت له‌مافه‌كانى ته‌واوى قوربانییانى ئه‌نفالى بارزانییان‌و شاڵاوه‌كانى ئه‌نفال‌و هه‌موو قوربانییانى ڕ‌ژێمى پێشوو ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌ركى حكومه‌تى عێراقه كه هه‌رچى پێویسته بیكات بۆ به‌دیهاتنى دادپه‌روه‌ریى‌و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى كه‌سوكارى قوربانییان".
داواشده‌كات، "با ئازار‌و تاڵییه‌كانى ڕابردوو ببنه په‌ندو وانه‌و هانده‌ر، تا هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق پێكه‌وه به‌یه‌كتر قبوڵكردن‌و ڕێزله‌یه‌كگرتن‌و لێبورده‌یى، ئاشتییانه و شكۆمه‌ندانه به‌ئازادیى‌و سه‌رفرازیى بژین‌و بێ جیاوازیى، وڵات كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موان بێت".
