جوگرافیای نوێی ناڕەزایەتیيەکان لە ئێران

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 35 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختە
لە ساڵانی ڕابردوودا ئێران شایەتحاڵى گۆڕانکارییەکی چلۆنایەتی لە نەخشەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بووە. جوڵانەوە جەماوەرییەکان ئیتر تەنیا لە پایتەخت و تاران و شارە گەورەکاندا قەتیس نەماون، بەڵکو تا دێت زیاتر دەگوازرێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی نەتەوەیی غەیرە فارسیان تێدایە، وەک کوردستان، خوزستان، سیستان-بەلووچستان و ئازەربایجان. ئەم ناوچانە لە ڕووی مێژووییەوە پەراوێز خراون، بەڵام ئەمڕۆ نوێنەرایەتی چالاکترین و کاریگەرترین گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان دەکەن. ئەم نوسینە لە دوو ڕوانگە لەم گۆڕانکارییە دەکۆڵێتەوە: یەکەمیان پێکهاتەیی-مێژووییە و تیشک دەخاتە سەر پەراوێزخستنی سیستماتیکی ئەم نەتەوانە و دووەمیان جوڵانەوەى سیاسییە و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەم نەتەوە پەراوێزخراوانە چۆن کاریان لەسەر پێناسەکردنەوەی هاووڵاتیبوون و شوناسی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ئێراندا کردووە، هەروەها ئەم نوسینە ڕۆشنایی دەخاتە سەر کاریگەرییەکانی داهاتووی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر سەقامگیری دەوڵەتی ئێران و پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

پێشەکی
ئێران وڵاتێکی هەمەچەشنە لە ڕووی نەتەوە و ئایینەوە و دەیان نەتەوە و ئایین و ئایینزاى لەخۆگرتووە، بەڵام پڕۆژەی سیاسی دەوڵەتی مۆدێرنی ئێران، لە سەردەمی ڕەزاشا (١٩٢٥)ەوە، لەسەر بنەمای ناوەندگەرایی و هەژموونی ناسیۆنالیستی فارس دامەزراوە. ئەم پرۆژەیە هەوڵی ئەوە دەدا کە فرەیی لە یەک شوناسدا کۆبکاتەوە کە لەسەر بنەمای دوو پایەیە: فارسی وەک زمان و کولتوور و ئایینزاى دوانزە ئیمامی شیعە وەک ئایینی فەرمی .
بە تێپەڕبوونی کات ئەم ڕەوتە بووەتە هۆی پەرەسەندنی کەلێنی نێوان ناوەند (تاران و شارە گەورەکانی فارس) و کەنارەکان (پەراوێز یاخود شارە سنوورییەکان). لە کاتێکدا شارەکانى ناوەندە فارسەکان لە پرۆژەکانی گەشەپێدان و دابەشکردنی نایەکسانی سەرچاوەکان سوودمەند بوون، بەڵام کەنارەکان بەردەوام بەدەست هەژاری، بێکاری، نەبوونی ژێرخانی ئابوورى، کولتووری و میلیتاریزەکردنی هەمیشەیی دەناڵێنن.
سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا- بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٧ەوە- گۆڕانکاری لە ناوەندی کێشی جوڵانەوەکە لە ناوەندەوە بۆ کەنارەکان ئاشکرا کردووە. کۆچی دوایی مەهسا ئەمینی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەو پریشکە بوو کە گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایەتی لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا هەڵگیرساند کە لە شاری سەقز لە پارێزگاى کوردستان دەستی پێکرد و بە تەواوی وڵاتدا تەشەنەی کرد. ئەم نموونەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئیتر شارە کەنارییەکان تەنیا ناوچەیەکی پەراوێزخراو نیین، بەڵکو بوونەتە ناوەندی دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی ئێران.

چوارچێوەی تیۆری 
1. چەمکی پەراوێزی نەتەوەیی: پەراوێزی نەتەوەیی وەسفێکی جیۆپۆلەتیکییە بۆ ئەو ناوچانەی کە نەتەوەکانی غەیرە فارس لە دەوری ناوەند نیشتەجێن: کورد لە ڕۆژئاوا، عەرەب لە باشووری ڕۆژئاوا، بەلووچ لە باشووری ڕۆژهەڵات، ئازەر لە باکووری ڕۆژئاوا، تورکمان لە باکووری ڕۆژهەڵات. ئەم ناوچانە نەک هەر لە ڕووی جوگرافییەوە دوورن لە ناوەندەوە، بەڵکو بەدەست کەمى گەشەسەندن و نوێنەرایەتی سیاسییەوە دەناڵێنن.
2. شوناسی سیاسی و ناڕەزایەتی: تیۆرسێنەکانی جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن کە شوناسی بەکۆمەڵ بنەمایەکە بۆ کۆکردنەوە و تەیارکردنى بە کۆمەڵ. لە حاڵەتى ئێران، شوناسی نەتەوەیی بووەتە چوارچێوەی سەرەکیی کۆکردنەوە و تەیارکردنى کەناراوەکان، دوای ئەوەی شوناسی نەتەوەیی فەرمی نەیتوانی فرەچەشنی قبوڵبکات.
3. دەوڵەتی نەتەوەیی و فرەیی: ئێران نموونەیەکی کلاسیکی دەوڵەت-نەتەوەیە کە هەوڵی سەپاندنی یەک شوناس دەدات. بەڵام فرەیی نەتەوەیی و ئایینی لەناو خۆیدا، ئەم هەوڵەی سەخت کردووە. لێرەوە هەر هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە ناڕەزایەتییەکان بەبێ ئەوەی فاکتەری نەتەوەیی تێدا جێگیر بکرێت، بە ناتەواوی دەمێنێتەوە.
گۆڕینی مێژوویی جوگرافیای ناڕەزایەتییەکان
1. قۆناغی ناوەندی (1999-2009): 
أ‌. ناڕەزایەتی خوێندکارانی ساڵی ١٩٩٩: لە زانکۆکانی تاران چڕ بووەوە.
ب‌. جوڵانەوەى سەوزی ٢٠٠٩: گردبوونەوە دژی ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن، بەڵام بە قەتیس مانەوە لە پایتەخت و شارە گەورەکانی فارس.
2. گواستنەوەی ناڕەزایەتی بۆ کەنارەکان (2017–2022)
‌أ. 2017: لە مەشهەد دەستی پێکرد بەڵام بۆ کەنارەکان بڵاوبووەوە.
‌ب. ٢٠١٩: ناڕەزایەتییەکانی سووتەمەنی؛ خوزستان و ئەهواز شایەتحاڵی توندوتیژترین پێکدادان بوون و نزیکەی هەزار و ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژران.
‌ج. ٢٠٢١: ڕاپەڕینی تینووەکان لە ئەهواز سەریهەڵدا بەهۆی کەمی ئاو.
‌د. ٢٠٢٢: مەهسا ئەمینی؛ پرسەکەی لە شاری کوردنشینی سەقز، جوڵانەوەى ژن، ژیان، ئازادیی هەڵگیرساند.
3. ڕۆڵی میدیای نوێ: ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا ڕێگەیان بە ڕەوەندەکانى دەرەوەى وڵات بکەن کە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوخۆییدا دروست بکەن.

چالاکانی کورد، بەلووچ و عەرەب لە دەرەوەی ئێران ڕۆڵیان هەبووە لە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان و هاندانی چالاکیی ناوخۆیی.
داینامیکییەتى نەتەوەیی
1. کورد: 7-10%ی دانیشتووان پێکدەهێنن، مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە داواکاری خۆبەڕێوەبەرى لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە. توانای خۆیان نیشانداوە بۆ گۆڕینی ڕووداوێک (کوژرانى مەهسا ئەمینی) بۆ ڕەمزێکی نەتەوەیی.
2. بەلوچ: 2-6%ی دانیشتووان پێکدەهێنن، بەدەست خراپترین ڕێژەی گەشەپێدان و تۆمارکردنی ڕێژەی لەسێدارەدان دەناڵێنن. خۆپیشاندانەکانی زاهیدان لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ەوە ئازایەتی ئەو نەتەوەیەی نیشانداو لە ڕووبەڕووبوونەوەى دەوڵەت.
3. عەرەب (ئەحوازییەکان): لە پارێزگای خوزستانی دەوڵەمەند بە نەوت دەژین، سەرەڕای سامانەکەی، بەدەست پیسبوونی ژینگە و بێکارییەوە دەناڵێنن. بەشداری ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢١ بوون و بە توندى سەرکوت کران.
4. ئازەری: نزیکەی 20% ى دانیشتوان پێکدەهێنن، بە هۆی شیعە بوونەوە تێکەڵ بە دەسەڵات بوون بەڵام بەرەو ناسنامەی نەتەوەیی لە گەشەکردندان، بە تایبەتی لەلایەن تورکیا و ئازەربایجانەوە پاڵپشتى دەکرێن.
پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی
ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پارێزگا کەناروییەکان زۆرترین ڕێژەی هەژاری و بێکارییان تێدایە: 
1. سیستان-بەلوچستان: نزمترین نیشاندەری گەشەی مرۆیی.
2. کوردستان و کرماشان: ڕێژەی بێکاری گەنجان زۆر بەرزە.
3. خوزستان: سامانێکی بەرفراوانی نەوت، بەڵام تێکچوونی ژینگەیی و کەمی ئاوی خواردنەوە.
جگە لەوەش بێبەشبوونی کولتووری ڕوون هەیە. بۆ نموونه زیندانکردنی چالاکوان زهرا محەمەدی بەهۆی وانەوتنەوەی کوردییەوه ، سروشتی سیستماتیکی په ڕاوێزخستن دەردەخات.
ڕەهەندی ئاسایش و سەرکوتکردن
ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە 97%ی لەسێدارەدانی سیاسی لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2024 کورد و بەلووچ و عەرەبی کردۆتە ئامانج. دەوڵەت بۆ تاوانبارکردنی هەر جوڵانەوەیەک، گێڕانەوەیەکى جیاواز بەکاردەهێنێت. پارێزگا کەناراوییەکان گۆڕدراون بۆ ناوچەی سەربازی کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە وەک بەرەی ئاسایشی نەتەوەیی بەڕێوەدەبرێن.
کارلێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی
1.  تورکیا و ئازەربایجان هانی جیابوونەوەی ئازەربایجان دەدەن.
2. کورد لە ئێران لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق و سوریا و تورکیا لەپەیوەندیدا دان.
3. خەڵکی بەلوچ لە ڕووی جوگرافییەوە درێژبوونەوەیان لە ناو پاکستان هەیە.
ئەم تێکەڵبوونە تۆڕی هاوپشتی و سنوور بەزاندن دروست دەکات کە هەستیاری پرسی نەتەوەیی بۆ ئێران ئەگەر دروست بوونى خواست بۆ یەکگرتن لە نێوان هاونەتەوەکان زیاد دەکات.

سیناریۆکانی داهاتوو
1. بەردەوامی سەرکوتکردن: دەبێتە هۆی توندڕەوی زیاتر و ئەگەری هەیە مەیلی جوداخوازی بەهێزتر بکات.
2. چاکسازی ڕووکەش: ئارامکردنەوەی کاتی بەبێ چارەسەری ڕیشەیی.
3. فیدرالیزم/لامەرکەزییەت: داواکارییەکی دووبارەبووەوەی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام داواکارییەک کە ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی فەرمی دەبێتەوە.
4. دروستکردنی هاوپەیمانی ناوەند و کەنارەکان: هەڵبژاردنێکی ستراتیژی کە ڕەنگە یارییەکە بگۆڕێت، بەڵام پێویستی بە ئیرادەی سیاسی هەیە.
ئەنجام
جوگرافیای نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران گۆڕانکارییەکی قووڵ لە سروشتی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا ئاشکرا دەکات. نەتەوەى کەنارەکان چیتر لە پەراوێزى ڕووداوەکاندا نین، بەڵکو بوونەتە ناوەندی پێناسەکردنەوەی هاووڵاتیبوون و شوناسی نەتەوەیی. هەر جۆرە سەقامگیرییەک لەداهاتوودا پێویستی بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ هەیە کە دان بە فرەیییدا بنێت و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سەرچاوەکان مسۆگەر بکات، ئایندە و سەقامگیریی ئێرانیش نەک تەنیا لە تاران، بەڵکو لە زاهیدان، ئەهواز، سەقز و تەبرێزیش دیاری دەکرێت.

بەپەلە