شارپرێس:
ئیسرائیل زانیارییهكى گرنگ لهبارهى یۆرانیۆمى پیتێنراوى ئێرانهوه ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "شوێنى ئهو یۆرانیۆمه پیتێنراوه دهزانین كه بڕهكهى 400 كیلۆگرامه".
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەکەناڵی فۆکس نیوزی ئهمریكى وتوه، "بەدڵنیاییەوە دەزانین ئهو 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمه پیتێنراوه لەکوێیە، زانیاریی زۆرباشمان هەیە".
ناتانیاهۆ باس لهوهشدهكات، "پێویستە فشارە دیپلۆماسیو ئابورییەکان لەسەر ئێران بپارێزین بۆ ئەوەی ڕون بێتەوە کە بەرگەی دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ناگرین".
ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش دهڵێت، ئێران لەسەرەتای هاویندا خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆم بوە کە تا 60% پیتێنراوە، پێش دەستپێکردنی ئەو شەڕەی ئیسرائیل لەدژی دەستیپێکردوە، بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی پێویستی بەپیتاندنی زیاتر هەیە لە 90%، ئێران ڕەتیدەکاتەوە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت".
چاودێران دهڵێن، هێشتا ڕون نییە ئێران ئەم کۆگایەی 60%ی یۆرانیۆمی پیتێنراو تا چەند دەهێڵێتەوەو ئایا تواناکانی پیتاندنی ئەو وڵاتە لەدوای هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەمانگی حوزەیران وەک خۆی دەمێنێتەوە.
کاتێکیش پرسیار لەناتانیاهۆ کرا کە ئایا ئیسرائیل، بەشێوەیەکی بەرفراوان پێیانوایە، خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمی نهێنی بێت، پلانی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی هەیە، ئەو وەڵامێکی ڕاستەوخۆی نەدایەوە.
لەدوای 10 ساڵ لەڕێککەوتن دوێنێ یەکشەممە سزاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ سەر تاران سەپێندرانەوە، دوا وادەی گەیشتن بەڕێککەوتنی نێوان تارانو هاوبەشە دانوستانکارەکانی (ئەڵمانیا، بەریتانیاو فەرەنسا) تێپەڕیبوو.
سێ وڵاتی ئەوروپی دەستپێشخەری سەپاندنەوەی سزاکانیان کردو ئێرانیان تۆمەتبارکرد بەپێشێلکردنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، بەتایبەتی بەپیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستێکی زۆر زیاتر لەوەی کە بۆ مەبەستی مەدەنی پێویستە.
