شارپرێس:
ئێران زانیارییه‌كى گرنگ له‌باره‌ى موشه‌كه‌كانى
ئاشكراده‌كات‌و فەرماندەیەکی باڵای پاسدارانیش ورده‌كاریى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه
ده‌خاته‌ڕوو ده‌ڵێت، "مەودای موشەکەکانمان زیادكردوه".
له‌گوێره‌ى هه‌واڵێكى ئاژانسی فارس كه لەزاری
محەممەد جەعفەر ئەسەدی جێگری پشکنەری بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیاوه بڵاویكردوه‌ته‌وه
ده‌ڵێت، "له‌جه‌نگى 12 ڕۆژه‌دا هه‌مولایه‌ك تواناى موشه‌كه‌كانى ئێرانى بینى
كه چۆن‌و به‌چ شێوازێك چونه ناو خاكى ئیسرائیل ئامانجه‌كانیان پێكا".
به‌وته‌ى محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر، "ئێستا موشەکەکانمان
دەتوانن بگەنە هەر خاڵێک کە پێویست بکات پێی بگەن، بۆ هەر خاڵێکیش کە بەپێویست
بزانرێت، تواناى موشه‌كه‌كانمان زیاد دەکه‌ین، ئەمەش وەڵامدانەوەیەکە بەرامبەر بەداواکارییەکانی
ڕۆژئاوا بۆ سنوردارکردنی مەودای موشەکەکانی تاران".
ئه‌گه‌رچى موشەکەکانی ئێران، مەودایەکی دیاریکراویان
هەیە کە بریتییە لەدوو هەزار کیلۆمەتر، به‌ڵام بەرپرسانی ئێران پێشتر باسیان له‌وه‌كردبوو،
ئەو مەودایە بۆ بەرگریی لەسنورەکانی وڵات‌و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژکاران، بەسە، بەڵام
لەکاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا، ئێران، موشەکەکانی لەسنورەکانی ڕۆژهەڵاتیه‌وه بەرەو ئیسرائیل
هەڵدەدا، ئەو مەودایەش لەدوو هەزار کیلۆمەتر زیاترە، ئەمەش بوەتە مایەی نیگەرانیی
وڵاتانی ڕۆژئاوا.
چاودێرانیش باسیان له‌وه‌كردوه، داواکارییەکانی
ئەمریکاو هەندێک لەوڵاتانی ئەورووپا بۆ سنوردارکردنی توانا‌و مەودای موشەکە ئێرانییەکان،
یەکێکە لەو پرسانەی بوەتە ڕێگر لەبەردەم گەیشتن بەڕێککەوتنی ئەتۆمیی، وڵاتانی ڕۆژئاواش
ترسیان هەیە له‌وه‌ى، ئێران لەداهاتودا بتوانێت موشەکی بالیستیی دورمەودا بەکڵاوەی
ئەتۆمییەوە دروستبکات.
