پەیامێک لەپارێزگاری کەرکوکەوە

کوردستان

02/10/2025‌ 977 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارێزگاری کەرکوک پەیامێکی لەبارەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە و دەڵێت،" با ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ بكه‌ين به‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ بنيادنانی داهاتویه‌كی هاوبه‌ش، كه‌ لێكگه‌يشتن و هاوكاری تێدا زاڵبێت و ئه‌و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵايه‌تی و ئاسايش و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ پته‌و بكات كه‌ به‌ده‌ست هاتوه‌و كه‌ركوك به‌ره‌و بووژانه‌وه‌يه‌كی ئابوری و پيشه‌سازی و وه‌به‌رهێنان ببات، كۆتایی به‌ ساڵانێك لە قه‌يران و ئاسته‌نگه‌كان بهێنێت ".

رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" کۆمەڵانی خه‌ڵكی خۆشه‌ويستی كه‌ركوك، ‎پاش چەند کاتژمێرێکی كه‌م، هه‌ڵمه‌تی بانگەشەی هه‌ڵبژاردنی به‌ربژێران له‌ چوارچێوه‌ی ليستە كێبڕكێكارەکان له‌ پارێزگا ئازيزه‌كه‌مان، كه‌ركوك، ده‌ستپێده‌كات ".

‎پارێزگاری کەرکوک باسی لەوەشکرد،" له‌م ساته‌ گرنگەدا، بانگه‌وازێكی برایانه‌ و دڵسۆزانه‌ ئاراسته‌ی ئێوه‌ ده‌كه‌م، داوا له‌سه‌رجه‌م خوشك و برايان له‌ ڕۆڵه‌كانی كه‌ركوك ده‌كه‌ين كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ بكه‌ن به‌ ده‌رفه‌تێك بۆ كێبڕكێی شه‌ريفانه‌ و پەیامێکی هۆشيارانه‌ بگەیەنن كه‌ گوزارشت لە هيوا و ئاواتی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كه‌ركوك بکات بێ جیاوازی ".

‎وتیشی،" داواشتان لێده‌كه‌م به‌وپه‌ڕی خۆشه‌ويستی و دڵسۆزييه‌وه‌، ‌ پارێزگاری بکەن له‌ پاك و خاوێنی شاره‌ ئازيزه‌كه‌مان، كه‌ركوك، و سه‌رجه‌م قه‌زا و ناحيه‌كانی ".

‎رێبوار تەها ئەوەشی وت،" كه‌ركوك پێشکەوتنی به‌رچاوی له‌ بواری خزمه‌تگوزاری و پاك و خاوێنی گشتی به‌خۆيه‌وه‌ بينيوه‌، ‌ ئه‌مه‌ش پێويسته‌ هه‌موومان ووشيار و به‌رپرسيار بين له‌ پاراستنی، به‌تايبه‌ت له‌ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا ".

‎لەپەیامەکەی پارێزگارئ کەرکوک ئەوەش هاتوە،" جه‌خت دەکەینەوە له‌ گرنگی پاراستنی يه‌كڕيزی كۆمه‌ڵايه‌تي و ڕێزگرتن لە يه‌كتر‌، چونكه‌ شكۆی كه‌ركوك بەندە بە‌شكۆی پێكهاته‌کانییەوە، و يه‌كڕيزيمان نهێنی هێز و سه‌رچاوه‌ی بووژانه‌وه‌يه‌تی ".

‎لەکۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت،" ئەم ئاهەنگی دیموکراسییە پيرۆزه‌بێت له‌ هه‌مووان، شانازی به‌ هه‌موو هاوڵاتييه‌كی بەشەرەف و دڵسۆزی كه‌ركوكەوە دەکەین، ‌کە بە په‌رۆشە بۆ ئێستا و داهاتوی شاره‌كه‌ی ".