نەرمین ئیبراهیم ئازەرە غوربەتی بڵاوکردەوە

هەمەڕەنگ

16/10/2025‌ 211 جار خوێندراوه‌ته‌وه



کتێبی شێعری «غوربەت» بە قەڵەمی خانمە شاعیری مەهابادی «نەرمین ئیبراهیم ئازەرە» بە ناسناوی «تەوار» لە لایەن چاپەمەنی «ئابید»ی ورمێ چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کۆمەڵە شێعرە کە لە ئەژماری ۱۱۲ لاپەڕە لە چاپ دراوە، زیاتر غەزەلەکانی شاعیری لەخۆ گرتووە، هەرچەند چەند مەسنەوی و پێنج خشتەکی و چوارپارەشی تێدایە. شاعیر لە وەڵامی ئەم پرسیارە کە سەرەتا چۆن بوو کە بڕیارتدا ئەم کتێبە چاپ بکەی، بە شارپرێس دەڵێت: «ئەمن هۆگری شێعری کلاسیک بەتایبەت غەزەل بووم و کاتێ هەستم بە بۆشایی غەزەلی ژنانە لە ئەدەبی کوردیدا کرد، حەولم دا غەزەلەکانم چاپ بکەم».

پوختەیەک لە ژیاننامەی خۆنووسی شاعیر:
ناوم نەرمین ئیبراهیم ئازەرە بە ناسناوی «تەوار»، لە دایکبووی ساڵی ۱۳۶۱ی کۆچی لە شاری مەهاباد. پێشتر بەڵگەی کارناسی حیسابداریم وەرگرتووە و ئێستا خوێندکاری بەشی ئەدەبیات لە زانکۆی ئازادی مەهابادم. من سەرەتا کارمەندی کۆمپانیای سازەکێشتی بۆکان و تراکتۆرسازی بۆکان بووم و لەبەر ئەوەی هاوسەرەکەم خەڵکی بۆکانە، چەند ساڵێک لەوێ ژیاین. لە بۆکان وەک نوێنەری «فێرگەی زمانی کوردی سۆما»ی مەهاباد لە بەشەکانی فێرکاری ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی و هەروەها لەبوارەکانی دیکەی ئەدەبیات وەک نەقدی ئەدەبی و کارگەی چیرۆک و ڕۆمان چالاکیم بوو و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئەدەبی بۆکان بووم. دواتر گەڕاینەوە بۆ مەهاباد و لەوێش لە دەستەی بەڕێوەبەرانی بنکەی فەرهەنگیی هونەریی موکریانی مەهاباد چالاکی خۆم دەسپێکرد و بە بەڕێوەبردنی دەیان کۆڕی ئەدەبی وەک شەوە شێعر و ئێوارە چیرۆک و فێستیڤاڵی سەراسەری چیرۆکی کوردی، هەرەوها ناساندنی شاعیران و نووسەرانی کورد بەردەوام بووم. ئەوساڵ وەک شاعیری هەڵکەوتوو لە بەشی ئەقوامی ئێرانیدا لە تاران خەڵاتی یەکەمین شاعیری کوردم وەرگرت. هەر ئەوساڵیش  یەکەم بەرهەمی شێعری کلاسیکم لە ژێر ناوی «غوربەت» لە چاپ دا. شایانی باسە کە بەهۆی زمانی ژنانە و نووسینی غەزەلی عاشقانە، ناسناوی «خاتوونی غەزەل» لە لایەن مامۆستایانی کوردم پێدراوە.

لە پشتی بەرگی کتێبەکەوە ئەم دوو بەیتە شێعرە نووسراوە کە لە غەزەلی «غوربەت» وەرگیراوە:
تا لە من دووری بەدڵ ئاشقی جادەم بەخودا
خەمی ڕێت شەرتە بە گش عالەمێ نادەم بەخودا

غوربەتێکم لە دڵم ناوە لە سوێی باوەشی تۆ
گەردنت بێتە دەسم قەت بەرینادەم بەخودا

نموونەیەک لە غەزەلەکانی نێو کتێبەکە:

دیلان و دەرد
تا فەلەک زەردەی لە سەر لێوی مناڵانم دزی
ئاسمان پڕ بوو لە هەور و شین و ناڵەی تێخزی

خەونی شیرینم دەدی ئەوشۆ لە بێستوونی دڵان
لەرزە کەوتە جەستەم و پەنجەم لە ئازارا تەزی

سوارە چاکی کۆنە چیرۆکی وەفا جارێکی تر
بەر لە سەرکەوتن لە وێژەی دەرد و مەینەت دابەزی

خوایە تاوانی چ بوو چووکەمەلی ئەشق و ئەوین؟
وا شکا باڵی بە تیری دڵڕەشانی ناحەزی

جەوهەری شینم هەناوی نیشتمانی گرتەوە
لاپەڕەی مێژوو  ڕەشی نووسی لە سینەی کاغەزی

تیری سەت مەرگە لە جەستەمدا شکاوە ئاسمان!
چۆن دەڵێی بۆ دڵپڕی بۆ بێکەسی بۆ سەرکزی؟

نیمە غەیری لاوک و حەیران و حەیرانم،  ڕەبی!
دوژمنی شادی ببینم جەرگی تۆش وا هەڵچزی

خاکی من! ئەزموونی سەت کۆنە برینت شاهیدە
دڵنیام هێندە بەهێزی لێوی حەسرەت ناگەزی

وەک تەواری هەستەوە ئەی تۆرەمەی دیلان و دەرد
من دەزانم نابەزی نا نابەزی نا نابەزی!

ئامادەکردن: ئەحمەد عەبدولحەکیمی