" پێویستە لەو هەڵوێستە تاکتیکیانەی کە "یان هەموو ، یان هیچ" بە بنەما دەگرن خۆمان بە دوور بگرین. هەروەها پێویستە ئەوەش بزانین کە هەڵوێستی وەک شۆڕش یان شەڕی هەتا هەتایی، هەروەها هەڵوێستی پێچەوانەی ئەمە، واتە ئاشتی هەتا هەتایی، وەک ئەوەی لە هەڵوێستی حەزرەتی عیسادا دەبینرێت، ناتوانن لە بەرامبەر دیاردەیەکی نەریتی و ئاڵۆز و پێچاوپێچی وەک دەسەڵات سەرکەوتوو و کاریگەر بن. پێویستە بەرخۆدان ، یاخیبوون و خەباتی ئاواکردن[بونیادنانی کۆمەڵگا] ببێتە بە شێوەیەکی ژیان و بە بێ ئەوەی کە دەستپێشخەری ئازادی لەدەست بدەیت، هەوڵ بدەیت لە کات و شوێنی خۆیدا لەگەڵ تەواوی هێزەکانی سیستەمدا بگەیتە رێککەوتن. ئەمە شێوازێکی کە دەرفەتی پێشکەوتن و قازانجی زۆرتری تێدا هەیە. بەڵام پێویستە دووپاتی بکەمەوە کە هەموو ئەمانە مەرجێکیان هەیە: ئەویش ئەوەیە کە پێویستە بزانین کە شارستانێتی دیموکراتی ناسنامەمانە، ئەم شارستانییە دەتوانێت ڕێکەوتن ئەنجام بدات بەڵام هەرگیز لەناو شارستانیەتی دەوڵەتگەرادا ناتوێتەوە و پێویستە بونیادی بنێین و بیپاریزین ! “
ئەم گووتانەی ڕێبەر ئاپۆ لە بەرگی دووەمی مانیفێستی پێنج بەرگی رێبەر ئاپۆ، واتە "مانیفێستۆی شارستانی دیمۆکراتی"، واتە لە کتێبی "شارستانی سەرمایەداری"دا هێنراونەتە سەر زمان. لەم مانیفێستۆیەدا کە لەساڵی ٢٠٠٨ دا نوسراوە، رێبەر ئاپۆ چوارچێوە و مەرجەکانی چۆنیەتی ژیانی هاوبەش لەنێوان کۆمەڵگای دیموکرات و دەوڵەت دا دیاریدەکات .هەموو ئەو بانگەواز ، لێدوان و هەنگاوانەی کە ماوەی ساڵێکە لە چوارچێوەی پڕۆسەی "کۆمەڵگای ئاشتی و دیموکرات " دا دەستیان پێکردووە ، لەبنەڕەتدا لەسەر بنەمای ئەم تیۆرییە دامەزراوە. ئاستی تێگەیشتن و لێکدانەوەی دروست بۆ ئەم ووتانەی سەرەوە وادەکات بەشێوەیەکی باشتر لە چەمکی " چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای یاسایی " و "یەکگرتنەوەی دیموکراتی " تێبگەین کە لە ئێستا لە ڕۆژەڤدایە .
ڕێبەر ئاپۆ لەکاتی دەستنیشانکردنی ئەو قەوارانەی کە پێویستییان بە ئاشتبوونە و پێکەوە ژیانی هەیە، بەشێوەی کورد-تورک ئاماژە بەمانە ناکات، بەڵکو لە جیاتی ئەوە وەک "نەتەوەی دیموکرات " و "دەوڵەت" پێناسەی کردوون . ئەم جیاوازییە گرنگە چونکە کێشە لە نەتەوەی کورد و تورک دا نییە ، بەلکو کێشە ئەو شەڕەیە کە دەوڵەت لەدژی نەتەوەی دیموکراتیک دا بەڕێوەیدەبات . هەر جۆرە پێناسە و دەربڕینێکی جیاوازتر لەمە لەگەڵ کۆمەڵناسی کۆمەڵگای مێژوویی دا ناگونجێت .چونکە لەبنەڕەتدا گەلان بران و ئەم دۆخە هەزاران ساڵە لە پراکتیکی کورد-تورک دا بەدیاردەکەوێت . ناساندنی ئەم دوو نەتەوەیە وەک دژبەری یەکتر و و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لەسەر ئەم بنەمایە ، هەروەکو چۆن گوزارشت لە کوردی "جودەنرات"(١) و بەکرێگیراو و خزمەتکاری دەوڵەت ناکات، لە هەمان کاتیشدا گوزارشت لە چینی هەژار و کرێکار و خاوەن ئایین و بڕوای جیاوازی کۆمەڵگای تورکیش ناکات. واتە، نە کوردی جودەنرات نوێنەرایەتی کورد دەکەن و نەک دەوڵەتی تورکیش نوێنەرایەتی تورکی هەژار و زەحمەتکێش دەکات. هەربۆیەش کێشەکە بریتییە لە کیشەی پێکەوە ژیانی نێوان کۆمەڵگایەکی دیموکراتی و دەوڵەت .
کۆمەڵگای دیموکراتی ، باخچەی گەلان و بیروباوەڕەکانە کە لە هاوئاهەنگی و یەکڕیزییەکی تەواودان و دەریایەکە لە جیاوازی و هەمەچەشنی . لە بارودۆخی ئێستای تورکیادا ، کۆمەڵگای کوردی کە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای دیموکراتی کە لەژێر چنگی جینۆساید دا دەناڵێنێت . مەحاڵە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد پێکهاتەکانی تر بتوانن بە ئازادی هەناسە بگرن، هەربۆیەش پێش هەموو شتێک چارەسەری کێشەی نێوان "کۆمەڵگایەکی دیموکرات" و "دەوڵەت" پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەیە .
هەر بەم هۆیەشەوە پڕۆسەی "کۆمەڵگای ئاشتی و دیموکرات" وەک ستراتیژییەکی دوو پایە ڕاگەیەندراوە ، کە پایەی یەکەمی بریتییە لە : ئاشتی و قبوڵکردنی هەبوونی یەکتری و سازشکردن لەپێناو کۆتایی هێنان بە شەڕ ، کە ئەمەش پێویستە بخرێتە ژێر دەستەبەرکردنی متمانە و گەرەنتی یاسایی . پایەی دووەم بریتییە لە: پێکەوەژیانی کۆمەڵگای دیموکراتی و دەوڵەت ، ئەویش مەگەر لەسەربنەمای ڕێکەوتنی دوو لایەنە لە زەمینی یاسایی دا . لە هەردوو حاڵەتدا گرنگترین تاکتیکی جێبەجێکردنی ستراتیژیکی ئەم قۆناغە دەستەبەرکردنی زەمینی یاساییە . هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ڕێبەر ئاپۆ باس لە دەستەواژەی "یاسای گشتگیر " دەکات هەربۆیەش پێویستی بە یاساکانی ئازادی و یاساکانی یەکانگیری (integration) هەیە کە لەم دواییەدا ڕایگەیاندووە.
لەپێناو تێگەیشتنێکی دروست لە ڕۆحی ئەم قۆناغە نوێیە پێویستە هەمیشە ئەم ڕاستییە لەبەرچاو بگیردرێت کە ئەم دوو ڕەهەندە گرێدراوی یەکتری بەڕێوەدەچن . لەلایەک ڕاستی ئەو شەڕەی کە بۆ ماوەی ٤١ ساڵ بەردەوامی هەبووە و کۆتایی پێهاتنی لەسەر بنەمای ئاشتی ، لەلایەکی تریشەوە پێکەوە ژیانی کۆمەڵگایەکی دیموکرات و دەوڵەت. لەهەمان کاتدا ئەمە پڕۆسەی تێکۆشانە، لەلایەکەوە پێویستی بە ڕێکخستن و بەهیزکردنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی هەیە لە هەمان کاتیشدا پێویستی بە دروستکردنی حاڵەتێکی هۆشیاری دیموکراتی هەیە لە دەوڵەتدا. یاسا ڕۆڵێکی چارەنوسساز دەگێڕێت لەدەستەبەرکردنی هەمیشەیی و ئاسایشی دەستکەوتەکانی ئەم تێکۆشانە.
باشە کەواتە لەو چوارچێوە کورتەی کە لەسەرەوە باسمان کردووە پێویستە لە زەمینی یاساییدا چ شتێک ئەنجام بدریت ؟
دوابەدوای پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کە لەبەرواری : ٩ی تەمموزی ٢٠٢٥ دا بڵاوکرایەوە و هەروەها مەراسیمی سوتاندنی چەک کە لە بەرواری : ١١ تەمموزی ٢٠٢٥ دا لە ئەشکەتی جاسەنە بەڕێوەچوو ، ڕێگا بۆ ڕێکارە یاساییەکان تا کۆتایی و بە بەرفراوانی کراوەتەوە . هەموو ئەو بیانووانەی کە ساڵانێکە خراونەتەڕوو بەشێوەیەکی ڕوون ئاشکرا بنبڕاکراون ، یەکێک لە لایەنەکانی شەڕ کە پەکەکەیە لە پێناو ئاشتی دا هەنگاوی پێویستی ناوە . لەمەودوا ئەو هەنگاوەی کە چاوەڕێ دەکرێت هەرچەندە لە ڕێگای یاساوە دروست نەبووە بەڵام کۆمیسیۆنێک کە لەژێر چەتری ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا (پەرلەمان) پێکهێنراوە ، کە مەرجە یاساییەکانی ئاشتی دیاریبکات و پێشکەشی پەڕڵەمانی بکات لەپێناو دەرکردنی یاسای نوێ .
هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر پرسی ئاشتی وەک بێ چەککردنی پەکەکە و ڕێگەدان بە تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگا بەشێوەیەکی بەرتەسک لێکدانەوەی بۆ بکرێت و سەیر بکرێت. ڕێبەر ئاپۆ کاتێک داوای کۆتاییهێنان بە ستراتیژی خەباتی چەکداری کرد ڕایگەیاند کە ئەو تێبینییەی کلۆزێڤیتزی(Clausewitz) تێپەڕاندووە کە دەڵێت : جەنگ بەردەوامبوونی سیاسەتە بەڵام بە ڕێگایەکی دیکە . بەم شێوەیەش لەڕێگەی جیاکردنەوەی سیاسەت و شەڕ لەیەکتری ڕۆڵێکی ستراتیژیتر و سەربەخۆتری بۆ سیاسەت دانا . هەربۆیەش یەکەم هەنگاو بۆ دامەزراندنی ئاشتی بە گوێرەی ئەم واقیعە ڕێگە خۆشکردنە بۆ سیاسەت کردن .هەرکات ڕێڕەوی سیاسەتی دیموکراتیک کرایەوە ، شەڕ بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیک وەلاوەدەنرێت .ئەوەی کە پێویستە بۆ ئەندامانی پەکەکە ئەنجامبدرێت ڕاستەوخۆ بەشداریکردنی کردنیانە لە سیاسەتدا لە چوارچێوەیەکی یاساییدا. باسکردنی سەپاندنی سزای کەمتر یاخود نەسەپاندنی سزا ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوە و زمانی باوی دەسەڵاتە . ئەمەش نزیکایەتییەکی لوتبەرزانەیە وەک ئەوەی چاکە دەرحەقیان دەکرێت . نزیکایەتی لەم شێوەیە یەکێکە لە بەربەستە بنەڕەتییەکانی بەردەم یەکسانی و برایەتی گەلان .هەربۆیەش دروستبوونی گۆڕانکاری و گۆڕینی ئەم نزیکایەتییە یەکێکە لە هەنگاوە پێویستەکانی ئەم پڕۆسەیە .
پرسی ئاشتی سنورداری کۆمەڵە هێزێکی دیاریکراوی پەکەکە نییە . عەقڵییەتی دەوڵەت کە پرسی کورد لە چوارچێوەی "تیرۆر"دا دەبینێت ، لەماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا میلیۆنان کەسی لەژێر ناوی تیرۆر خستووەتە ژێر گوشار ، زوڵم و چەوساندنەوە و دادگایی کردوون و سزای بەسەردا سەپاندوون. بەڕادەیەک کە هیچ کوردێک نەماوە کە لەبەر دەرگای دادگاکان خۆی نەدۆزیبێتەوە و زۆر بە دەگمەن کوردێک دەبینیت کە هیچ کات دەستبەسەر نەکرابێت . هەر بەم هۆیەشەوە هەزاران کەس داواکاری پەنابەرییان پێشکەش بە وڵاتانی تر کردووە .لەبەر ئەم هۆکارەش سەرەتا پێویستە یاسای " بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" هەڵبوەشێنرێتەوە ، هەموو ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا دادگاییکراون و سزایان بەسەردا سەپێنراوە ، سزاکانیان هەڵبوەشێنرێتەوەو زەمینەسازی بۆ سیاسەتی دیموکراتی ئازاد و بێ بەربەست دابنرێت بەبێ بوونی هەڕەشەی دووبارە دادگاییکردنەوەو سزادان.
بۆ کردنەوەی ڕێرەوی سیاسەتی دیموکراتی پێویستە بەربەستەکانی بەردەم ئازادی رێکخستن و ئازادی ڕادەبڕین نەمێنێت ، لەهەمان کاتیشدا پێویستە زنجیرە یاسایەک تایبەت بە " یاسای پارتە سیاسییەکان" ، "یاسای هەڵبژاردن" و " یاسای گردبوونەوە و خۆپیشاندان" هەموار بکرێتەوە . هەربۆیەش ئەو تەگبیرانەی کە لە دژی جێبەجێکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان سەپێندراون پێویستە نەمێنێت ، جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارانەی کە لەماوەی پێشووتردا لەلایەن دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە دەرکراون دەتوانێت زەمینێکی گرنگ بۆ ئەمە دروست بکات . بەڵام پێویستە دان بەوە دابنرێت کە هەر کێشەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە و بە بێ ئەوەی کە تەنیا بەم یاسایەنە بەسەندە بکرێت، پێویستە هەڵوێستێکی چارەسەر ئامێز کە دەستەبەری یەکانگیربوون (integration) بکات بە بنەما. ئەگەر ئەم خاڵانە جێبەجێ بکرێت ئەوا شەڕ شوێنی خۆی بۆ سیاسەت و گفتوگۆ واڵا دەکات .
ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو گفتۆگۆیانەی لە کۆمسیۆن دا ئەنجامدەدرێن چوارچێوەیەکی بەرتەسکیان هەیە .دەبینین کە کۆمسیۆن خۆی بە بابەتێک و کاتێکی دیاریکراوەوە سنوردار کردووە .هەرگیز باسی لە یاساکانی "یەکانگیربوونی دیموکراتی" نەکردووە کە یەکگرتنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی لەگەڵ دەوڵەتدا دەستەبەر دەکەن. لەکاتێکدا قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە ئەم بابەتە لەخۆدەگرێت. چۆن پێکەوەژیانی گەلان دروست دەکرێت ؟ یەکانگیربوون بە چ شێوەیەک دروست دەبێت ؟ لەپێناو بەدیهاتنی یەکانگیربوونی کۆمەڵگای دیموکرات لەگەڵ دەوڵەتدا، دیموکراتیزەکردنی ئەم دەوڵەتە بە چ شێوەیەک دەستەبەر دەکرێت؟ ئەگەر ئەم گفتوگۆیانە بە هەماهەنگی و هاوکات لەگەڵ هەنگاوە یاساییەکانی سەبارەت بە " پرسی ئاشتی" ئەنجام نەدرێن ، ئەوا بێگومان پڕۆسەی چارەسەری دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە .
یەکانگیربوونی دیموکراتی قۆناغی پراکتیزەکردنی ڕەهەندی دووەمی پرۆسەکەیە، کە ئەویش پێکەوەژیانی نێوان "کۆمەڵگای دیموکرات " و"دەوڵەتە" لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی بەئاکار و بە پرەنسیپ. ڕێبەر ئاپۆ زۆر بەڕوونی لەم بوارەوە دەدوێت و دەڵێت : ئەگەر کۆماری دیموکراتیزە نەکرێت ئەوا یەکانگیری دیموکراتیک دروست نابێت ، چونکە ناکرێت لە گەڵ کۆمارێکی فاشیست یەکانگیری دروست ببێت. هەربۆیەش مەرجی سیاسەتی دیموکراتی کۆماری دیموکراتییە. یەکانگیربوون و یەکگرتوویی لەگەڵ ئەم کۆمارەدا دەکرێت. ئەمە خاڵیکی گرنگە و ئامانجی ئێمە بەدیدەهێنێت “. هەربۆیە پێویستە ئامانجی ئەو هەنگاوانەی کە لەچوارچێوەی ئەم ڕەهەندەدا دەنرێن دیموکراتیزەکردنی کۆماری تورکیا بێت .
هەرچەندە ئێمە ئەم دوو ڕەهەندە بە شێوەی جیاواز لەبەرچاو بگرین بەڵام ئەمانە پرۆسەگەلێکی تێکڕا و گشتین کە پێویستە پێکەوە و تێکڕای یەکدی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکریت و جێبەجێ بکرێن. مەرجە لە جێبەجێ کردنی ڕێکارە یاساییەکاندا ئەم یەکپارچەییە لەبەرچاو بگیردرێت ، مەبەست لە یاسای گشتگیر ئەمەیە .
یەکەم هەنگاو لەچوارچێوەی یەکگرتنی دیموکراتیک دا ڕووبەڕووبونەوەیە لەگەڵ فەلسەفەی سەد ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا ، واتا ، عەقڵییەتی دەوڵەت نەتەوە . کۆمار لەسەر بنەمای یەکەباوەڕی (monism) بنیادنراوە ، هەموو ناسنامەکانی تری پشتگوێ خستووە و دواتریش هەوڵی داوە بە هەموو شێوە و ڕێبازێک لەناویان ببات . بۆ ئەوەی یەکگرتن دروست ببێت پێویستە دان بە بوونی پێکهاتەکانی تردا بنرێت . دیسانەوە پێویستە پەیوەندییەکی یەکسان لەگەڵ ئەو پیکهاتانەدا دروست بکرێت کە دان بە بوونیان دانراوە. دەستوری کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢١دا نووسراوە و ئێستاش زۆرجار باسی لێوە دەکرێت ، لە سەرجەم ئەو یاسایانەی کە پاشان دەرکراون پەسەندتر و باشترە . هەرچەندە ڕەنگە توانای چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی ئەمڕۆی نەبێت بەڵام بەلایەنی کەمەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کۆمار لەسەر بنەمای یەکگرتوویی یەکسانی هەموو پێکهاتە جیاوازەکان دامەزرێنراوە. بەهەمان شێوە ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە ئەنجام بدرێت هەروەک چۆن لە دەستوری ساڵی ١٩٢١ دا هاتووە ، قبوڵکەدنی فرەچەشنی پێکهاتەی تورکیایە و دان پێدانانی لە دەقی دەستوریدایە .
هەر لەم چوارچێوەیەشدا گرنگترین هەنگاوی یاسایی بریتییە لە پێناسەکردنی "هاوڵاتیبوون" بە بەرفراوانترین شێوە، بە جۆرێک کە هەموو پێکهاتە جیاوازەکان لەخۆ بگرێت . مەبەست لە یەکانگیری دیموکراتیک "یاسای خۆشک و برایەتی"یە، ئەمەش چەمکێکە کە ڕەگ و ڕیشەی لە نەریتی کۆمەڵایەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە . یاسای خۆشک و برایەتی لەسەر بنەمای جیاوازی نێوان خوشک و براکانە و قبوڵکردنی ئەو جیاوازییانە و دابەشکردنی پشکەکانیان بەشێوەیەکی دادپەروەرانەیە ، ئەمە فۆرمی پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە . جگە لەمەش پێویستە خوشک و براکان لە هەموو کاتێکدا یەکسان بن .پێویستە هەموو خوشک و برایەک چ شتێکیان بۆخۆیان دەوێت خوازیاری هەمان شتیش بن بۆ خوشک و براکانی تریان .هاوتای ئەم دەستەواژەیە لە یاسای هاوچەرخ دا بریتییە لە یەکسانی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی دەستوری.
لە زەمینێکی یاساییدا کە هەر کەسێک هاوڵاتی یەکسانە، پێویستە هەموو کەسێک دەرفەتی پەرەپێدان و پاراستنی زمان و کلتوری خۆی هەبێت و بەکەلتوور و زمانی خۆیەوە بژیت و بیانژینێت. .لەم چوارچێوەیەشدا دووەم هەنگاوی پێویست کە پێویستە بنرێت داننانە بە مافی زمانی دایکی . پێویستە لەسەر بنەمای یەکانگیری دیموکراتیک دا ، پرسەکانی وەک ئەوەی کە ئایا زمانی دایکی دەبێتە زمانی فەرمی یاخود نا ، بنەمای یاسایی بۆ بەکارهێنانی زمانی دایکی لە ناوچەکان دا لە بە چ شێوەیەک دەبێت ، پەروەردە بە زمانی دایکی لە کوێ و بە چ شێوەیەک دەبێت ڕوونبکرێتەوە . هەروەک چۆن لە هەموو پڕۆسەیەکی یەکانگیریدا هەیە، پێویستە دەرفەتی هەڵاواردنی ئەرێنی(positive discrimination) دابین بکرێت، بە ئامانجی یارمەتیدان و گەشەسەندنی ئەو کەسانەی کە لە دۆخێکی نا یەکساندان . واتا نەک هەر تەنها بەکارهێنانی زمانی کوردی ئازادانە بێت ، بەڵکو بەشێوەی هەڵاواردنی ئەرێنی لە بواری پەروەردە و فێرکردن دا هاندانی بۆ بکرێت.
کاتێک ئەم هەنگاوانە کرداری بکرێت ئەوا کۆماری تورکیا تا ڕادەیەکی زۆر دیموکراتیزە دەبێت ، بەم شێوەیەش بەڕووی فرەچەشتنی دا کراوە دەبێت . بەڵام دیموکراتیک کردنی کۆمار پەیوەستە بە دانپێدانانی فرەچەشنی و ڕزگاربوونی لە پێکهاتەی ناوەندگەرایی . سروشتی پێکهاتە ناوەندگەراکان بەڕووی فرە چەشنی دا داخراون و زیاتر تاکگەران .هەربۆیەش بەهێزکردنی بەڕێوبەرایەتییە خۆجەییەکان وادەکات ،ئەم پێکهاتە ناوەندی و تاکگەرایە کراوەبێت بەڕووی دیموکراسییەت دا . بۆ ئەم بابەتەش " یاسای خۆسەری و و بەڕێوەبەری خۆجەیی ئەوروپا " چوارچێوەیەکی گشتگیرانەدا پێشکەش دەکات . تورکیا لە جێبەجێ کردنی گرنگترین ماددەکانی ئەم یاسایەدا خۆبواردن و دڕدۆنگی دەکات . ئەگەر ئەم دڕدۆنگییە وەلاوەنێت بێگومان کەشێکی ئارامتر دروست دەبێت . بەڵام ئەم یاسایە لەخۆیدا دیموکراسی ناهینێت، چۆنکە دیموکراسی هەموو فۆرمەکانی دەسەڵات لە ئاستی گشتی (ماکرۆ) و لە ئاستی وردەکاریدا (مایکرۆ) قبووڵ ناکات. ئەوەی کە ئەم یاسایە بیکات ئەوەیە کە تەنها دەرفەتێک بۆ هێزەکانی کۆمەڵگای دیموکراتیک لەسەر بنەمای دیموکراسی ناوخۆیی دەڕەخسێنێت .
لەڕاستیدا هەروەک چۆن لە دەستوری ساڵی ١٩٢١دا هاتووە دەکرێت “پرۆژەی یاسای چاکسازی کورد” کە خۆی لە ١٨ ماددەدا دەبینێتەوە وەک بنەمایەک بۆ ئەم بابەتە وەربگیردرێت . ئەم پڕۆژە یاسایە کە تایبەتە بە چاکسازی لە بواری مافەکانی کورددا ، وەک بەشێکی زۆر لە بەڵگەنامەکانی مێژووی کۆمار، لە ئەرشیڤی دەوڵەتدا بێ سەروشوێنکرابوو، بەڵام لە ئێستادا بەتەواوەتی دۆزراوەتەوە و چاپکراوە. ناوی پڕۆژە یاساکە بەکورتی " دەربارەی موختاریەت لە کوردستان "دا بوو و لە بەرواری : ١٠ شوباتی ساڵی ١٩٢٢دا لە ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا (پەڕلەمان) گفتوگۆ و مشتومڕی لەسەر کرا ، بە زۆرینەی ٣٧٣ دەنگی بەڵی و ٦٤ دەنگی نەخێر پەسەندکرا . ئەم پڕۆژە یاسایە مافی خۆسەری بەرفراوان دەدات بە بەڕیوەبەرایەتییە خۆجەییەکان . پێویستە هەروەک چۆن لە زمانی بونەوەرێک تێدەگەین هەروا لە مێشک و جەستەشی تێبگەین . بەڕێوەبردنی هەر بوونەروەرێک لە ڕێگەی مێشکەوە ئەنجامدەدرێت ، خۆبەڕێوەبەری بوونەوەرەکان مەرجی سەرەکی یەکگرتنە .
ئەگەر لەچوارچێوەی ئەو هێڵکارییەی کە دیاریمان کردووە دەستور هەمواربکرێتەوە ئەوا کۆمار سیمای دیموکراتیک بەدەستدەهێنێت و بەم شێوەیەش یەکگرتنی دیموکراتی دێتەدی .
ئەگەر ئەم چاکسازییە یاساییانەی کە بە گشتی ئاماژەمان پێکرد ئەنجام بدرێن، کۆمار دەبێتە خاوەن تایبەتمەندی دیموکراتی و بەم شێوەیەش ئەگەری یەکانگیری دیموکراتی دێتە ئاراوە. یەکانگیری پرۆسەیەکە، پرۆسەیەک کە تێیدا ڕێگا و شێوازەکانی پێکەوە ژیان بە هاوئاهەنگی پەرەدەسێنێت، پڕۆسەیەکە کە تێیدا ناکۆکییەکان کەم دەبنەوە و هاوکات هاوبەشییەکان تێدا زیاد دەبن. هەربۆیەش پێویستە هاوتەریب لەگەڵ گیانی یەکانگیربوون وەرچەرخانی زیهنییەتیش بێتە ئاراوە. پێویستە لە هەموو بوارێکدا گۆڕانکاری دروست ببێت لە بواری پەروەردەوە بگرە تا لێکدانەوەی مێژوویی ، لە ڕێکخستنی ئابورییانەوە بگرە ژیانی کۆمەڵایەتی . لەچوارچێوەی یاساییدا پێویستە چاکسازی دادپەروەری لەم بابەتەدا دروست ببێت .
ئاشکرایە ئەو کات و سنورانەی کە کۆمیسیۆنی پەڕلەمان بۆخۆی دیاریکردووە تێرکەر نابێت . هەوڵی چارەسەکردنی کێشەک لەم قەبارەیەدا بەو کات و سنورەی کە کۆمسیۆن دیاریکردووە ڕاستەقینە نابێت.هەربۆیەش نزیکایەتییەکی دڵسۆزانە بە ئامانجی یەکگرتنی دیموکراتیک و دیدگای یاسای گشتگیر دەتوانێت ڕاستەقینەترین و چارەسەرئامێزترین شێواز بێت .
١.جودەنرات، بەو جوولەکانە دەگوترێت کە لە کاتی هۆلۆکۆستدا، هاوکاری هیتلەریان کردووە و بە پاساوی بردنەی جوولەکەکانی هاونەتەوەی خۆیان بۆ گەرماو، ئەوانیان فریوداوە و بە سواری شەمەندەفەر بۆ ژوورەکانی خنکاندن و کوشتن بە غازی کیمیایی گواستوویانیانەتەوە.
نوسینی: ڤیان سیروان
وەرگێرانی: کازیوە
