ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: گۆڕانکارییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی داهاتوی عێراق دیاریدەکەن

عیراق

02/11/2025‌ 3998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

"ئەنجومەنی ئەتڵەنتیكی ئەمریكی"ی لەڕاپۆرتێکدا تیشکیخستوه‌تەسەر دابەشبونەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لەعێراق، ڕونیکردوه‌تەوە، ئەوانە دەبنە هۆکارێکی یەکلاکەرەوە لەهەڵبژاردنەکانی 11ی تشرینی دوەمی داهاتوداو ڕەنگە هاوسەنگی هێز بگۆڕێت.


لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، سەرەڕای یەکگرتویی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعییەکان بەپاڵپشتی ئێران، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان کوتلەکانی، بەتایبەتی لەنێوان محەمەد شیاع سودانی‌و نوری مالیکی، هەڕەشە لەسەقامگیری سیاسیی دەکەن.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەم دابەشبونانە پەیوەندییان بەسیاسەتەکان بەرامبەر سوریا، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران‌و بەرژەوەندییە ئابورییەکانەوە هەیە، جگە لەکێبڕکێ لەسەر سەرکردایەتیی حکومەتی داهاتوو.

ڕاپۆرتەکە هەروەک تیشکدەخاتەسەر، نیگەرانی هێزە شیعەکان لەکەمبونەوەی بەشداریی دەنگدەرانیان لەهەڵبژاردندا، بەرامبەر بەدەنگدانی بەرزی سوننە کە ڕەنگە هاوسەنگی کورسییەکان بگۆڕێت، بەتایبەتی لەبەغدا.

جەخت لەوەدەکاته‌وه‌، پارتە شیعەکان ڕوبەڕوی ئاڵنگارییە هەرێمییەکانیش دەبنەوە بەهۆی کەمبونەوەی هەژمونی ئێران‌و گۆڕانی هاوسەنگی هێز لەناوچەکەدا، کە ترس لەکەمبونەوەی باڵادەستی شیعە لەحوکمڕانیدا دروستدەکات.

ڕاپۆرتەکە پێشبینیدەکات، سودانی ڕەنگە ئەنجامێکی بەهێز بەدەستبهێنێت لەڕێگەی لیستی "ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان"ەوە، بەڵام بردنەوەی ئەو زامنی خولێکی دوەمی بۆ ناکات بەبێ پاڵپشتی تەواوی چوارچێوەی هەماهەنگیی‌و پێشکەشکردنی سازش بۆ فراکسیۆنەکانی.

پێشیوایە کە "خەڵاتی گەورە" سەرۆکایەتیی حکومەت دەبێت، لەژێر ئەگەری دەرکەوتنی کاندیدێکی چاوەڕواننەکراو بەهۆی کێبڕکێی ناوخۆییەوە.

ڕاپۆرتەکە لەکۆتاییدا ئاماژە بەوەدەکات، ئەم هەڵبژاردنانە تەنها ئەوە دیاریناکەن کێ سەرکردایەتیی حکومەت دەکات، بەڵکو گۆڕانی هاوسەنگی هێز لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرادەکات‌و ئاراستە سیاسییەکانی عێراق بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاریدەکات.

بەپەلە