شارپرێس:
سەرۆك وەزیرانی عێراق لەهەرێمی كوردستانەوە ئاشكرایكرد، كە گەڕێكی دیكەی گفتوگۆ و دیالۆك لەنێوان هەرێم و بەغدا دەستیپێكردوەو دەڵێت، كێشەكان تەكنیكیین.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەکۆڕبەندی ئاشتی، لەدهۆك وتارێكی پێشكەشكردو وتی،" کاتێکی دەستوری پێویستە بۆ پێکهێنانی حکومەت و پێویستە یاسای باشتر دابڕێژین و لەئەمڕۆوە دەستدەکەین بەگفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتییەکان".
سەرۆک وەزیرانی عێراق، وتیشی، لەگەڵ لایەنەکان قسەدەکەن لەسەر پێکهێنانی حکومەت و مافی دەستوری هەموو لایەنەکان دەپارێزن بەڕێڕەوێکی دیموکراسی و ئاماژەی بەوەشكرد، بۆشاییەک هەیە لەپەرلەمان و پێویستە لەلایەن نوێنەرانی خەڵک پڕبکرێتەوەو نوێنەرایەتی خەڵک بکەن و بتوانن ئەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە.
سەبارەت بەهەرێمی كوردستانیش ئاشكرایكرد، كە دیالۆگێکی بەهێز هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا و ئەو کێشانەی هەیەو دەڵێت، هەندێک کێشەی تەکنیکی و هەماهەنگی هەیە لەنێوانیان و هەوڵدەدەن بۆشاییەکان پڕ بکەنەوە".
دەشڵێت، کاریان کردوە لەسەر کەمکردنەوەی ئاڵەنگەریەکان و سەبارەت بەگرێبەستی نەوت و یاسای ناوبژیوانیکردن و پێشی وایە، هەموو ئەوانە کێشە نەبون لەماوەی ئەم کابینەیە، بەگفتوگۆکردن دەتوانن چارەسەری کێشەکان بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، دڵنیای دەدات حکومەتی عێراق پێویستیەکانی هەرێمی کوردستان لەهەمان ئاستی ناوچەکانی تری عێراق دادەنێت و کێشەی خەڵکی هەرێمی وەک هەموو کێشەی بەشەکانی تری عێراقە.
