سەدەی ئاشتی یان سەدەی پارچەپارچەبوونی تورکیا؟

توێژینەوە و شیکاریی

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 319 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئۆجالان لە نێوان نەخشەی ڕێڕەوەکان و ڕووخانی کۆمار

سەلاحەدین کوردی نوبار
بەیاننامەی ئەم دواییەی کۆمیسیۆنی ئیمراڵی بەڵگەنامەیەکی سیاسیی ڕاگوزەر نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنێکی ناڕاستەوخۆیە کە تورکیا دەخاتە ناو خاڵی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە لە کۆتایی یەکەم سەردەمی کۆماریدا. عەبدوڵڵا ئۆجالان باسی ڕێکەوتنی ئاشتیی وەک هەنگاوێکی سیمبولیک نەکرد، بەڵکو هەوڵیدا دەوڵەت بخاتە بەردەم شکستە ئەخلاقیەکانی و ناچاری بکات ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە وجودیانە ببێتەوە کە دامەزراوە ڕەگداکوتاوەکانی بۆ ماوەی سەدەیەک هەوڵی خۆدزینەوەیان داوە لێی. هەر ڕستەیەکى ناو بەیاننامەکه بارگاوییە بە بوونى هۆشیارییەکی ورد له گۆڕانکارییه نێودەوڵەتییەکان و ململانێ لەسەر ڕێڕەوە وشکانی و دەریایی و فراوانبوونی کەلێنەکان ناو پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیا. ئۆجەلان لەوە تێدەگات کە تورکیا چیتر ناوەندی بڕیار نییە، بەڵکو بووەتە ڕێڕەوێکى نا سەقامگیر لەنێوان ئەو پرۆژانەی کە تێیدەپەڕێنن وەک ڕێڕەوى هیندستان – حەیفا، ڕێڕەوى کەنداو – ئیسرائیل لە ڕێگەی سعودییە و ئەردن، ڕێڕەوى داود کە لە دەریای ناوەڕاستەوە درێژدەبێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات و پاشان کوردستانی عێراق، ڕێڕەوی زەنگزور کە هیچی نەماوە نەخشەکانی قەفقاز لە قاڵب بداتەوە و ئەوروپا بە ڕۆژهەڵاتەوە ببەستنەوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە تورکیا هەبێت. ئەم چینە تێکچڕژاوانە خەریکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ دروست دەکەن، کە تێیدا هیچ شوێنێک بۆ دەوڵەتێک نییە کە پێداگری لەسەر مانەوە لە ڕابردوودا دەکات. لێرەدا هێزی ئۆجەلان دەردەکەوێت بەو پێیەى کە بە ڕوونییەکی تەواوەوە دیمەنی نێودەوڵەتی دەبینێت و خاڵە لاوازەکانی ناوخۆی تورکیا دەخوێنێتەوە: ئابوورییەکی شەکەت، دامەزراوەى لەبەریەک هەڵوەشاو، ململانێی دەسەڵات کە فشار دەخاتە سەر ئەنقەرە، دەوڵەتێکی قووڵ کە بە خواستە کۆنەکانی دەجوڵێتەوە و پارتە ناسیۆنالیستەکان کە تەنها لەسەر گوتارێکی ڕق و کینە و ڕەتکردنەوە گەشە دەکەن.
ئۆجالان هەر بەو زمانە ئارامە، ڕوونترین هۆشداری دەدات: ئەگەر تورکیا نەگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی دیموکراسی و یاسا تیایدا سەروەر نەبێت، ئەوا لە ژێر فشاری جوگرافیای نوێدا هەڵدەوەشێتەوە، هەروەک چۆن دەوڵەتی عوسمانی پێش خۆی هەڵوەشایەوە. ڕێککەوتنی ئاشتی تاقیکردنەوەیەکی وجودییە بۆ دەوڵەتی تورکیا. ئۆجالان کاتێک باس لە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە و هەمەلایەنەی ئاشتی دەکات، پێشنیاری یەکلاییکردنەوەی کێشەى نێوان دوو لایەن ناکات، بەڵکو تورکیا بەرەو پێناسەکردنەوەى پێگەى خۆی ڕادەکێشێت. ئەم ڕێکەوتنە ئاگربەست نییە، بەڵکو بەڵگەنامەی لەدایک بوونە. ئەگەر دەوڵەت قبووڵی بکات، خۆی بە ناچار دەبینێتەوە کە کورد وەک هاوبەش لە دامەزراندنی خۆیدا بناسێت. بەڵام ئەگەر ڕەتی بکاتەوە، ئەوە ئاشکرای دەکات کە نکۆڵیکردن بەشێکی جەوهەرییە لە پێکهاتەکەی و بێ توانایە لە دەرەوەی لۆژیکی کودەتا و هێزدا بژی. ماوەی سەدەیەکە تورکیا ناتوانێت خۆی لە میکانیزمى کودەتا ڕزگار بکات کە دامودەزگاکانی گرتۆتەوە. هەموو پرۆسەیەکی ئاشتی لە ناوەوە پووچەڵ کراوەتەوە نەک لە لایەن لایەنێکی دەرەکی. ئۆجالان ئەم ڕاستییە باش دەزانێت و هەر بۆیە بەناوی خۆیانەوە بانگیان دەکات. کێشەکە لە حکومەتەکاندا نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەدایە کە کۆماری لە قاڵب داوە. سوپا، دەسەڵاتی دادوەری، پارتە ناسیۆنالیستەکان و تۆڕە سێبەرەکان هەموویان بەپێی یەک لۆژیک کاردەکەن، ئەویش پاراستنی کۆمارە وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٣ داڕێژراوە، تەنانەت ئەگەر بەسەر هەموو لایەنێکدا دابڕوخێت. لەم ڕوانگەیەوە ڕێککەوتنی ئاشتی دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی وجودی؛ سەرکەوتنی بە واتای سەرەتای دەستپێکردنى سەدەیەکی نوێ و شکستەکەی بە واتای سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی تورکیایە. ئەمەش تۆنی لێدوانەکە ڕوون دەکاتەوە- تۆنی پیاوێک کە دانوستان لەسەر وردەکارییەکان ناکات بەڵکو شتێکی هاوشێوەی بەڵگەنامەیەکی کۆتایی دەنووسێت پێش ئەوەی سەقفەکە بەسەر هەمواندا بڕمێت.
جوگرافیای کوردی لە دڵی ململانێی نێودەوڵەتیدایە: ڕۆژاوا، ڕۆژهەڵاتی فورات، باشور (کوردستانی عێراق) و ڕۆژهەلات (کوردستانی ئێران) دوورگەی جیا لەیەک نین بەڵکو یەک قەوارەن کە تۆڕێک لە پرۆژە نێودەوڵەتییەکان بەسەریدا تێپەڕیوە. هەموو ڕێڕەوێکی ئابووری یان سەربازی بەو ناوچانەدا تێدەپەڕێت نەک بە سەر ئەنقەرەدا. زلهێزەکان- ئەمریکا، ئەوروپا، ئیسرائیل، دەوڵەتانی کەنداو، ڕووسیا و ئێران- وەک ڕاستییەکى جێگیر مامەڵە لەگەڵ جوگرافیای کوردیدا دەکەن، لە هەمان کاتدا وەک کیانێک لە تورکیا دەڕوانن کە دەچێتە قۆناغێکی پارچەپارچەبوونەوە. کاتێک ئۆجەلان چارەسەری یاسایی بۆ کورد لە چوارچێوەی تورکیادا پێشنیار دەکات، پەیامێکی ڕوون بۆ هەموو جوگرافیای کورد دەنێرێت: سەردەمی پێناسەکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردووە و هیچ بەشێک لە نەتەوەی کورد ناتوانێت لە دەرەوەی ئەم ڕێڕەوە بمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر تورکیا نەتوانێت چارەسەری سیاسی بگرێتەبەر، ڕۆژاوا دەبێتە خاڵێک کە هەموو دژەیەکەکانى تورکیاى تیادا کۆدەبێتەوە: فراوانبوونی ڕکابەری تورکیا و ئێران، گوشاری ڕۆژئاوا بۆ کرانەوەی ڕێڕەوەکان، هەوڵەکانی دیمەشق بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوە و ململانێى نێوخۆیی کورد بۆ ڕەوایەتى و هەژمون.
ڕۆژهەڵاتی فورات ئەمڕۆ میحوەری ڕێڕەوە گەورەکانە؛ هەرکەسێک کۆنترۆڵی بکات کلیلی هاوسەنگی ناوچەکەی بەدەستەوە دەبێت، بۆیە هەر یەکلاییکردنەوەیەک لەگەڵ کورد لە تورکیا، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر فۆرمی ئیدارەی باکوری سوریا و پەیوەندی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق و سروشتی دەوڵەتی داهاتووی سوریا دەبێت. سەبارەت بە باشور (کوردستانی عێراق)، هەستیارترین ئەڵقەیە، دەکەوێتە دڵی ئەو پڕۆژانەی کە دەریای ناوەڕاست بە کەنداوەوە دەبەستنەوە. تورکیا و ئێران ململانێ دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی، لە کاتێکدا ڕۆژئاوا وەک پردی سروشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی نوێ دەیبینێت. سەرکەوتنی پڕۆسەی سیاسی ڕۆڵی هاوبەشى لە داڕشتنی ناوچەکەدا پێدەبەخشێت، لەکاتێکدا شکست پاڵیپێوەدەنێت بۆ ناو ململانێیەکی درێژخایەنی نێوان دوو پڕۆژە کە ئامانجیان جڵەوکردنى کوردە نەک بەهێزکردنی. شیکردنەوەی لێدوانەکە مانۆڕێکی حیساب بۆکراو ئاشکرا دەکات کە بێ متمانەییە. زمانی ئۆجالان لە بەیاننامەکەدا پێوانە کراوە، بەڵام دوو پەیامی لەخۆگرتووە، دەست بۆ تورکیا درێژ دەکات، بەڵام متمانەی بە توانای گرتنی نییە. باس لەوە دەکات کە کورد لە ڕێگەی یاساییەوە پەیوەندی بە کۆمارەوە دەکات، لە هەمان کاتدا ئاگادارە کە کۆمار خۆی لەسەر هێزی سەربازی و سیستمێکی نکۆڵیکردن بنیات نراوە کە تا ئێستاش بڕیاردان کۆنترۆڵ دەکات. ئەو بەرژەوەندییەکانی خۆی ناخاتەڕوو، بەڵکو دەوڵەت دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەک: یان یاسایەک کە سەدەیەکی نوێ بنیات بنێت یان ڕووخانی دەسەڵاتێک کە لەسەر یادەوەریی لۆزان دەژی و نەیتوانیوە نەخشە گۆڕاوەکانی دەوروبەری ببینێت.
ئیتر ئۆجالان وەک ڕێبەری ڕێکخراوێک قسە ناکات، بەڵکو وەک مرۆڤێک کە لە سەرووی تەمەنی خودی کۆمارەوە ساتەوەختی مێژوویی دەخوێنێتەوە. تورکیا وەک دەوڵەتێک دەبینێت کە توانای بەرهەمهێنانی پڕۆژەی سەربەخۆی لەدەستداوە و مانەوەی بەندە بە دانپێدانان بەو هاوڵاتیانەى کە سەردەمانێک بوونی ڕەتدەکردنەوە، بەڵام ئەوەش دەزانێت کە ئەم دانپێدانانە دژایەتی ناوەکی پێکهاتەی دەروونی کۆمارە.
بۆچی ئەم پرۆسەیە بە سەخت و تەنانەت مەحاڵیش دەبینم؟
عەقڵیەتی ئینکار و ڕەتکردنەوە وەک پێکهاتەی بنەڕەتی کۆمار دەمێنێتەوە. پارتە ناسیۆنالیستەکان بۆ مانەوە پێویستیان بە دوژمنایەی کوردە. دەوڵەتی قووڵ تەنیا لە کەشوهەوای توندوتیژیدا دەتوانێت گەشە بکات و سیستمی سیاسیش وەک ئەوەی سەدەیەک لەمەوبەر دروست بوو، بۆ ئەوە نییە کە تیایدا دوو گەل، دوو زمان، یان دوو گێڕانەوە تیایدا پێکەوە بژین. سەد ساڵ لەمەوبەر کورد بە بەڵێنی هاوبەشی فریو درا، دواتر گوندەکانیان سووتێنران و بە توندى ڕووبەڕووى ڕاپەڕینەکانیان بوونەوە. ئەمڕۆ دەوڵەت هەمان سیناریۆ دووبارە دەکاتەوە: گوتارى ئاشتی، ئاماژەی سیمبولی بە ئاشتەوایی، پاشان گەڕانەوە بۆ ئینکار و سەرکوتکردن. بەڵام جیاوازیی بنەڕەتی ئەوەیە کە تورکیا چیتر خاوەنی ئەو دەسەڵاتە یان ئەو پێگە جوگرافیایە نییە کە ڕێگەی پێدەدا ئەزموونەکەی پێشوو دووبارە بکاتەوە. جوگرافیا ئەو ڕێڕەوانەى تێپەڕاند کە ڕۆژێک ڕێگەیان پێدەدا ئەو کارە بکات؛ ئێستا گەمارۆدراوە و ڕۆژهەڵات بەبێ ڕاوێژکاری بە تورکیا لە قاڵب دەدرێتەوە. هەر بۆیە شکستی پڕۆسەی ئاشتی ئەمڕۆ تورکیا ناگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ٢٠١٣ بەڵکو پاڵیپێوەدەنێت بەرەو لێکترازان، داڕمانى ئابووری، هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی، کەمبوونەوەی کاریگەریی دەرەکی و سەرەتای دروستبوونى ململانێ ناوخۆییەکان کە ئەگەرى پەرەسەندنیان هەیە.
هێزی ئۆجالان لەم ساتەدا لاوازی تورکیایە: لەم کاتەدا ئۆجەلان لە ڕووی سیاسییەوە لە هەموو دەستەبژێرە تورکەکان بەهێزتر دەردەکەوێت. ئەو تاکە کەسە کە توانای پێشکەشکردنی گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەی هەیە و تاکە کەسە کە تێدەگات کۆماری کۆن تەمەنى خۆى بەسەر بردووە. ئەو تەنیا دانوستان لەسەر مافەکان ناکات، بەڵکو بناغەکانی کۆماری داهاتوو دادەنێت- کۆمارێک کە لەسەر یاسا بنیات نراوە نەک کودەتا؛ لەسەر دانپێدانان، نەک ڕەتکردنەوە؛ و لەسەر هاوبەشی، نەک کەنارخستن. تورکیا ئەمڕۆ لەبەردەم دوو بژاردەدایە: چوونە ناو سەدەی ئاشتی کە ئۆجەلان پێشنیاری کردووە، یان چوونە ناو سەدەی پارچەپارچەبوون کە جوگرافیا دەیسەپێنێت. لە هەردوو حاڵەتەکەدا کورد لە ناوەندی ڕووداوەکاندا دەبێت نەک لە پەراوێزیدا.

بەپەلە