هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی له‌باره‌ى دوو پرسى مه‌ترسیدارى ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 11702 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی ئاگاداری سوری ئاشكرایكردوه‌، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی تیرۆر، دۆسیەی پاراستنی زیندان‌و ئەو گرتوخانانەیان وەرگرتوە کە چەکدارانی داعشیان تێدایە.


ئەو سەرچاوەیە وتویه‌تى، "هێزەکانی هاوپەیمانان، بەرپرسیارێتی پاراستنی کەمپی هۆڵ‌و ئەو زیندانانەیان لەناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا گرتوەتە ئەستۆ، بەبێئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو".

ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە 15ی ئەم مانگەدا هۆشدارییاندابوو لەوەی، شانە نوستوەکانی داعش، هەوڵدەدەن بارودۆخی شڵەژاوی ئەمنی ناوچەکە بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر ئەو زیندانانە، بەتایبەت لەگەڵ زیادبونی هێرش‌و جوڵە سەربازییەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بەدیمەشق.

هەسەدە لەبەیاننامەیەکدا جەختیکردبوه‌وه‌، لەئامادەباشییەکی تەواودایەو هەموو ڕێکارێکی پێویستی بۆ پاراستنی زیندانەکان گرتوەتەبەر، بەڵام هۆشداریشیدا کە بەردەوامی پەرەسەندنی سەربازیی‌و هەڕەشە ئەمنییەکان لەوانەیە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەو دروستبونی مەترسی جدی لەسەر ئەو ناوەندانەی چەکدارانی داعشیان تێدا دەستبەسەرە، ئەمەش ڕەنگە ناوچەکە بەرەو سیناریۆی مەترسیدارو پشێوی بباتەوە.