شارپرێس:
لەدوایین پێشهاتەکانی سوریا‌و ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق‌و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەسەر ئاگربەست‌و تێکەڵکردنی شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده لەگه‌ڵ وەزارەتەکانی بەرگریی‌و ناوخۆدا، تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا لەبەیاننامەیەکدا، دەستخۆشی لەحکومەتی سوریا‌و هه‌سه‌ده کرد بۆ هەوڵە بونیادنەرەکانیان لەگەیشتن بەڕێککەوتنی ئاگربەست.
باراک وتى، "ئەحمەد شه‌رع سەرۆک کۆماری سوریا‌و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) لەسەر دیدگایەکی هاوبەش بۆ ڕزگارکردنی سوریا‌و گەلەکەی لەنادادپەروەریی‌و بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ سوریاییەکان ڕێککەوتون".
پێشتریش سەرۆکى سوریا لەدیمەشق لەگەڵ باراک کۆبوەوەو جەختی لەگرنگی یەکڕیزیی‌و سەروەری سوریا بەسەر هەموو خاکەکەیدا کردەوە، هەروەها جەختی لەگرنگی دیالۆگ لەم قۆناغەدا کردەوە.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیى هه‌سه‌ده، قبوڵکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ ڕێگری‌کردن لەخوێنڕشتن‌و ڕێگری‌کردن لەشەڕی ناوخۆ پشتڕاستکردەوە.
وتیشى، "شەڕەکە بەسەر هێزەکانماندا سەپێنرا، بۆیه ئه‌مڕۆ ده‌چێته دیمەشق بۆ قسه‌ى كۆتایی له‌باره‌ى ڕێککەوتنەکەوه".
وه‌كو مه‌زڵوم عه‌بدى باسیكرد، "هه‌سه‌ده له‌دێره‌زورو ڕه‌ققه به‌ره‌و حه‌سه‌كه ده‌كشێنه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌واتاى شكست نایات‌و ئێمه به‌رده‌وامده‌بین له‌پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانمان".
لاى خۆیشیه‌وه ئەحمەد شەرع جه‌ختیكرده‌وه، "ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی حکومەت‌و هێزەکانی سوریای دیموکرات، کۆتایی پێدێت، لێکتێگەیشتنە نوێیەکان لەگەڵ ناوه‌ڕۆكى ڕێککەوتنەکەی 10ی ئاداردا دەگونجێت، دامودەزگاکانی دەوڵەتیش دەچنە ناو سێ پارێزگاكه‌ى باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنەکە".
لەبەرەیەکی دیكه‌شدا وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕایگەیاند، "بەنیگەرانی‌و جددییەکی زۆرەوە بەدواداچون بۆ ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵکوژی لەپارێزگای حەسەکە دەکەین، دەزگا پەیوەندیدارەکان دەستیانکردوە بەلێکۆڵینەوەی پێویست بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانە".
هه‌ر شه‌وى ڕابردوو، ئه‌حمه‌د شه‌رع سەرۆکی سوریا دوایین پێشهاتەکانی سوریای لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان تاووتوێکرد.
ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سوریا (سانا) بڵاویکردەوە، شه‌رع له‌پەیوەندیەکەیدا لەگەڵ بارزانی، جەختی لەسەر یەکڕیزیی‌و سەروەریی‌و سەقامگیریی سوریا کردوەتەوە.
ڕاوێژکارێكى سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتویه‌تى، "پارتی ئامۆژگاری سەرکردایەتیی هه‌سه‌ده‌ى کردوە بۆ دەستپێشخەری دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی سوریا".
