بەندیخانەیەکی داعش لەدەستی هەسەدە دەرچوو

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1123 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، دوای بەرگریی سەخت دەیان شەهید و بریندار، دواجار لەئەنجامی هێرشی گروپەکانی سەر بە دیمەشق کۆنتڕۆڵی بەندیخانەی شەدادەیان لە باشوری حەسەکە لەدەستدا.


ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بەندیخانەی شەدادە کە هەزاران زیندانیکراوی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشی تێدایە، بەر چەند هێرشێکی گروپەکانی سەر بە دیمەشق کەوتوە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش توانییان چەند جارێک ئەو هێرشانە تێکبشکێنن.

ئەوەشیخستەڕوو،" بەهۆی ئەو هێرشانەوە شەڕڤانان دەیان شەهید و برینداریان داوە، بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە رودانی کارەساتێکی ئەمنی، بەڵام دوپاتیدەکەینەوە کە لەئێستادا بەندیخانەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدا نەماوە ".

هەسەدە راشیگەیاند، سەرباری ئەوەی بنکەیەکی ‌هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەنها دوو کیلۆمەتر لەو بەندیخانەیەوە دورن، بەڵام دوای چەندین بانگەواز هیچ دەستوەردانێکیان نەکرد بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە.