ئەردۆغان بەشداریكردنی سوپای توركیای لەشەڕی سوریا دوپاتكردەوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1039 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، توركیا بەشداری لەشەڕی سوریادا كردوەو دەڵێت،" هەمیشە لەشەڕی دژی تیرۆردا، بەتایبەتی دژی داعش، لەتەنیشتیان وەستاوەو لەمەودواش بەردەوام دەبێت و سبەینێش بەتەنیایان جێناهێڵین".


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەچاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند،" لەبیرتان بێت، سوریا هی سورییەکانە؛ هی هەموانە، بەبێ گوێدانە ئەوەی عەرەب، تورکمان، کورد، عەلەوی، سوننە، یان دروز بن".

دەشڵێت،" ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی هەفتەی ڕابردوو دەستی پێکردبوو، دوێنێ بەڕێککەوتنی ئاگربەست و تێکەڵبونی تەواوەتی کۆتایی هات".

ئەردۆغان جەختیش دەكاتەوە،" نەمامی یەک دەوڵەت و یەک سوپا بنەڕەتی و حەتمییە بۆ سەقامگیری لەهەر وڵاتێکدا".

سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژە بۆ ئەوەشدەدات، تورکیا پاڵپشتیی تەواوی هەر هەنگاوێک دەکات کە بۆ چەسپاندن و جێگیرکردنی بنەماكانی ڕێككەوتن و پێكەوە ژیان".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەوەی پشتڕاستكردەوە كەتوركیا بەشداری لەشەڕی سوریادا كردوەو ڕونیكردەوە، كە بۆ ئەحمەد شەرعی دوپات کردۆتەوە کە تورکیا هەمیشە لەشەڕی دژی تیرۆردا، بەتایبەتی دژی داعش، لەتەنیشتیان وەستاوەو لەمەودواش بەردەوام دەبێت، چۆن دوێنێ گەلی سوریامان بەتەنیا جێنەهێشت، سبەینێش بەتەنیایان جێناهێڵین".

لەبارەی ڕێككەوتنەكەی ڕۆژی ڕابردوی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، وتی،" ئاشکرایە کە گەلی سوریا بەڕێککەوتنەکەی دوێنێ دڵخۆشن، ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیزمی نەتەوەیی ئەو نەخۆشییانەن کە کولتورە دێرینەکەمان، شارستانییەت و بەها ئایینییەکانمان ڕەتی دەکەنەوە؛ هیچ کام لەمانە لەفەرهەنگی ئێمەدا بونیان نییە".

جەختیش دەكاتەوە، كە تورکیا دژی هیچ مەزهەب یان ناسنامەیەکی نەتەوەیی نییە. تورکیا تێوەنەگلاوە لەهیچ حساباتێکی هەرزان، وەک بەدەستهێنانی دەسەڵات و قازانج لەڕێگەی ململانێکانەوە".