تۆم باراک: ئەرکی هەسەدە وەک هێزی سەرەکی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر کۆتاییهات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1284 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوێنەری دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەرکی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) بۆ شەڕی دژ بەداعش کۆتاییهات، بەوەش شێوازی هەماهەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئەو هێزە دەگۆڕدرێت.


نێردەكەی ترەمپ دەشڵێت،" ئەم قۆناغە ڕێگەیەکە بۆ تێکەڵبونەوەی تەواو لەناو دەوڵەتێکی یەکگرتوی سوریادا، کە تێیدا مافی هاوڵاتیبون، پاراستنی کولتوری و بەشداریی سیاسی فەراهەم دەبێت، ئەو مافانەی کە لەسەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەددا لێیان زەوت کرابوو.

بەگوێرەی وتەکانی بەڕاک، پێشتر بونی سەربازیی ئەمریکا لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر بنەمای هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (HSD) بوو بۆ شەڕی داعش، چونکە لەو کاتەدا حکومەتێکی ناوەندیی کارا نەبوو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا هاتوەو سوریا حکومەتێکی ناوەندیی ناسراوی هەیە، کە لەکۆتایی ساڵی 2025 وەک ئەندامی 90ـەمین چونەتە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش، ئەمەش وای کردوە بیانوەکانی هاوبەشیی ئەمریکاو هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆتایی پێ بێت، چونکە ئێستا دیمەشق ئامادەیە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان و کۆنترۆڵی گرتوخانەکانی داعش بگرێتە ئەستۆ.

ئاشکراشیکردوە، ئەمریکا کار ئاسانی بۆ ئەم گواستنەوەیە دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا چەند هەنگاوێکی گرنگ نراون:لەوانە...

لە 18ی کانونی دوەمدا، ڕێککەوتنی تێکەڵبونەوە لەنێوان حکومەتی سوریاو سەرکردایەتی (HSD) واژۆ کراوە بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێگەیەکی ئاشتییانە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک (تاک)دەچنە ناو سوپای نیشتمانییەوەو ژێرخانە گرنگەکانی وەک کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان و دەروازە سنورییەکان ڕادەستی دیمەشق دەکرێنەوە.

ئەمریکا هیچ بەرژەوەندییەکی لەمانەوەی سەربازیی درێژخایەندا نییەو کاری لەپێشینەی تەنیا تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعشە، بەبێ پشتگیریکردن لەبیرۆکەی جوداخوازی یان فیدراڵی.

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، تۆم بەڕاک جەختی کردوەتەوە لەوەی تێکەڵبونەوە لەناو دەوڵەتی نوێی سوریا، دەستکەوتی گەورە بۆ کورد دەستەبەر دەکات، لەوانە،مافی هاوڵاتیبونی تەواو (تەنانەت بۆ ئەوانەشی پێشتر بێ ناسنامە بون)، ناساندنی زمانی کوردی و کولتوری کوردی لەدەستوردا (وەک خوێندن بە زمانی کوردی و ناساندنی نەورۆز وەک پشوی نیشتمانی) و بەشداری لەحوکمڕانیدا.

بەڕاک ئاماژەی بەوە کردوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئێستا سەرنجی لەسەر دوو خاڵی سەرەکییە، ئەوانیش، یەکەم، دڵنیابونەوە لەتەناهی ئەو گرتوخانانەی چەکدارانی داعشی تێدایە، دوەم، ئاسانکاری بۆ وتوێژەکانی نێوان (HSD) و حکومەتی سوریا بۆ گەیشتن بە تێکەڵبونەوەیەکی ئاشتییانەو گۆڕینی پێگەی کورد بۆ هاوڵاتییەکی تەواو و مێژویی لەناو خاکی سوریادا.