ئایا ئەمریکا سەرکەوتوو دەبێت لەپێکهێنانی حکومەتێکی عێراقی بێ بەشداریی لایه‌نه‌كانى نزیك لەئێران؟

عیراق

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3430 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەپشت پەردەوە جموجۆڵە سیاسییەکانی لەعێراق چڕکردوەتەوە، بەئامانجی سەپاندنی هاوکێشەیەکی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، ئەم هەوڵەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دورخستنەوەی ئەو گروپە چەکدارانەیە کە لەئێرانەوە نزیکن، تاوەکو هەژمونی تاران لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا کەمبکاتەوە.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" کە پشتی بەپێنج سەرچاوەی ئاگادار بەستوە، بەرپرسانی ئەمریکی لەهەفتەکانی ڕابردودا زنجیرەیەک کۆبونەوەی "گرژ"یان لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامداوە.

وه‌كو باسكراوه‌، ئامانجی ئەو دیدارانە فشارخستنەسەر لایەنە عێراقییەکان بوە بۆ ئامادەکردنی پلانێکی خێراو باوەڕپێکراو بەمەبەستی داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکان، هاوکات هەڕەشەی سەپاندنی سزایان کردوە لەئەگەری پابەندنەبون بەم داواکارییانە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، هەڕەشەکانی ئەمریکا ڕێکاری ئابوریی هەستیار لەخۆدەگرێت، لەوانە کەمکردنەوەی بڕی ئەو دۆلارە نەختینەیەی کە ڕەوانەی عێراق دەکرێت‌و بۆ داپۆشینی داهاتی فرۆشی نەوت بەکاردێت، ئەمەش وەک ئامرازێکی فشاری کاریگەر لەسەر سەقامگیریی دارایی وڵاتەکە دەبینرێت.

هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری چوار سەرچاوەوە بڵاویکردوه‌تەوە، واشنتۆن هەڕەشەی سزادانی خودی دەوڵەتی عێراقی کردوە ئەگەر گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران بەشداریی حکومەتی داهاتوو بکەن، کە ڕەنگە بگاتە دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی عێراق لەبانکی یەدەگی فیدراڵیی لەنیویۆرک.

پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو واشنتۆن دوای هەڵبژاردنی عەدنان فەیحان سەرکردەی پێشوی "عەسائیبی ئەهلی حەق" وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لەمانگی ڕابردودا، ئاڵۆزی زیاتری بەخۆوە بینیوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ناڕەزایەتیی توندی بەرامبەر ئەم هەنگاوە دەربڕیوەو بە"ڕەفتارێکی دوژمنکارانە" وەسفیکردوەو باس له‌وه‌شكراوه‌، ئه‌مڕۆ یان ڕۆژانى داهاتوو به‌هۆى فشاره‌كانى ئه‌مریكاوه‌، عه‌دنان فه‌یحان ده‌بێته‌وه‌ په‌رله‌مانتارێكى ئاسایی‌و ده‌ست له‌پۆسته‌كه‌ى ده‌كێشێته‌وه‌.