سوپای پاسداران: هەواڵگریی 10 وڵات خەریکی هەڵگیرساندنی ئاژاوەن لەناو ئێراندا

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3982 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ئەو خۆپیشاندانانەی لەکۆتایی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوەوە دەستیانپێکردوە، بەشێکن لە"فیتنەیەکی ڕێکخراو" کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی 10 وڵاتی "دوژمن"وە ئاڕاستەکراون.


سوپا لەبەیاننامەی سێیەمی خۆیدا کە دوێنێ هەینی بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەکردوە، ئامانجی ئەو جوڵانەوەیە تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی بوە لەڕێگەی توندوتیژیی‌و کەمپەینی چەواشەکاری میدیایی.

به‌گوێره‌ى بەیاننامەکە، "سەربازانی گومناوی ئیمام مەهدی" (هێزە ئەمنییەکان) بەشێوەیەکی "بڕیاردەرانە" ڕوبەڕوی ئەو تۆڕانە بونەتەوە، لەم چوارچێوەیەدا 735 کەس کە پەیوەندییان بەتۆڕە دەرەکییەکانەوە هەبوە دەستگیر یان بانگهێشتکراون، هەروەها 11 هه‌زار کەسی دیكه‌ بەمەبەستی "ڕێنماییکردن‌و ڕێگری لەئاژاوە" بانگکراون.

سوپا ڕایگەیاندوە، دەستیان بەسەر 743 پارچە چەکی جەنگی‌و ڕاوکردنی بێ مۆڵەتدا گرتوە، ئەمەش بەبەڵگەی "چەکداریبونی" هەندێک لەجوڵەکان دەزانن، جگەلەوەش، ناسنامەی 46 کەسیان ئاشکراکردوە کە تۆمەتبارن بەهاوکاریکردنی هەواڵگرییە بیانییەکان.

هاوکات لەگەڵ ئەم به‌یاننامه‌یه‌، ڕێکخراوی "نێت بلۆکس" بۆ چاودێریی هێڵەکانی ئینتەرنێت، ئاماژەی بەوەکردوە، ئێران چوەتە هەفتەی سێیەمی پچڕانی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی.

ڕێکخراوەکە دەڵێت، "هەوڵێک هەیە بۆ دروستکردنی ترافیکی وەهمی بەمەبەستی پیشاندانی ئاساییبونەوەی هێڵەکان، لەکاتێکدا دەستڕاگەیشتن بەتۆڕە جیهانییەکان هێشتا سنوردارە، ئەمەش وایکردوە پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆ بۆ ڕوداوەکانی ناوخۆی وڵاتەکە ئەستەم بێت".