نرخى تێچوى نوێكردنه‌وه‌ى پاسپۆرت كه‌مده‌كرێته‌وه‌

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5556 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتی پارێزگاى سلێمانی له‌باره‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخی تێچوى نوێکردنەوەی پاسپۆرت پێش وادەی بەسەرچون، زانیاریى ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تێچوى نوێكردنه‌وه‌كه‌ى کەمکراوه‌ته‌وه‌".


بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی بڕیارێکی نوێی لەبەرژەوەندیی هاوڵاتییان دەرکردو تێیدا نرخی نوێکردنەوەی پاسپۆرتێک کە ساڵێک زیاتری مابێت بۆ بەسەرچون، لە 200 هەزار دینارەوە بۆ 50 هەزار دینار کەمکردەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی لەئاگادارییەکدا بۆ هاوڵاتییان ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر لەساڵی نوێدا، گۆڕانکاریی لەڕسوماتی جۆرێکی دیاریکراو لەمامەڵەی پاسپۆرتدا کراوە.

به‌گوێره‌ى بڕیارەکە، ئەگەر هاوڵاتییەک بیەوێت پاسپۆرتەکەی نوێبکاتەوە لەکاتێکدا هێشتا ساڵێک زیاتری مابێت بۆ تەواوبونی وادەی بەسەرچونەکەی (Expire)، واتە لەسەر خواستی خۆی (حسب رغبه‌) بێت، ئەوا نرخەکەی لە 200 هەزار دینارەوە کراوەتە 50 هەزار دینار.

ئەو بڕیارە ئاسانکارییەکی دارایی بەرچاوە بۆ ئەوکەسانەی بەهۆی گەشتکردن یان هەر هۆکارێکی دیکە دەیانەوێت پاسپۆرتەکانیان نوێبکەنەوە پێشئەوەی وادەکەی بەتەواوی نزیک ببێتەوە لەبەسەرچون.