دوو ڕێڕەوی مرۆیی لەڕۆژئاوا كرایەوە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1119 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی سوریا ڕایگەیاند، بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکانی حەسەکەو حەلەب خەریکی کردنەوەی دوو ڕێڕەوی مرۆیین بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان.


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لەوەزارەتی بەرگریی سوریا، لەڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکە ئامادەکاریی تەواو دەکات بۆ کردنەوەی ڕێڕەوەکان و هەر کاتێک پێداویستییە لۆجیستییەکان تەواو بون، بەفەرمی ڕادەگەیەنرێن.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی بەرگریی سوریا، ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هەردولا بۆ ماوەی 15 ڕۆژ. 

ئامانج لێی ڕەخساندنی زەمینەی گونجاوە بۆ گەیاندنی خۆراک و دەرمان بۆ ئەو ناوچانەی ڕوبەڕوی قەیرانی مرۆیی بونەتەوە.

هەر ئەمڕۆش، لیژنەی ناوەندیی بۆ بەدەمەوەچونی حەلەب، بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، کاروانێکی گەورەی هاوکاری مرۆیی ڕەوانەی کۆبانێ کرد.

بەگوێرەی زانیارییەكان، کاروانەکە لە 24 بارهەڵگر پێکهاتوەو بڕێکی زۆر لەکەرەستەی پزیشکی، خۆراک و پێداویستییە لۆجستییەکانی تێدایە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە.

هاوكات، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام هێرشی گروپەکان بەردەوامە.