شارپرێس:
کۆشکی ئێلیزێ پەیامێک لەبارەی
ئاڵۆزییەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان بڵاودەکاتەوەو دەڵێت،" داوا دەکەین
هێزەکانی هەسەدە لە ڕوی سیاسی، سەربازی و کارگێڕییەوە لە سوریای نوێدا جێگیر بکرێن"،
هاوکات هۆشداری دەدات کە نابێت بە زەبری هێز و بەبێ ڕەچاوکردنی سەلامەتی هاوڵاتییانی
سڤیل لە کۆبانێ و حەسەکە، هیچ هەنگاوێک بنرێت.
سەرۆکایەتی فەرەنسا (کۆشکی ئێلیزێ) لەڕاگەیەنراوێکدا
ئاماژەی بەوەکردوە،" ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، لە چەند ڕۆژی
ڕابردوودا پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ هەریەکە لە ئەحمەد شەرع، مەزلوم عەبدی و نێچیرڤان
بارزانی هەبوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لەسوریا ".
ئەوەشیخستەڕوو، نیگەرانین لەهێرشەکانی
سوپای سوریا بۆ سەر هەسەدە، چونکە ئەو هێرشانە کاریگەری دەکەنە سەر کۆنترۆڵکردنی
زیندانییانی داعش.
هاوکات، سەرۆکایەتی فەرەنسا داوا لە حکومەتی نوێی
سوریا دەکات وەک ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پابەندییەکانی خۆی لە شەڕی دژ
بە تیرۆر جێبەجێ بکات.