وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچەوە دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 639 جار خوێندراوه‌ته‌وه

وەزارەتی دارایی فیدراڵیی ئەمڕۆ هەینی، بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە نەبوونی مووچەی مانگی داهاتوو یان بەتاڵبوونی گەنجینەی دەوڵەت.
وەزارەت لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردۆتەوە کە ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستی و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەتەواوی دابینکراوە و لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێت.
 هەروەک داوای لە هاووڵاتیان و میدیاکان کردووە تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و نەکەونە داوی پڕوپاگەندەی چەواشەکارانە کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیریی و نانەوەی دڵەڕاوکێیە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕێکاری یاسایی دژی بڵاوکەرەوەی ئەم جۆرە هەواڵە چەواشەکارییانە دەگرێتە بەر.
لە بەرامبەردا، تیمی "ئابووریناسان" هۆشداری دەدەن کە دڵنیاییەکانی وەزارەت نیگەرانییەکان ناڕەوێنێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەوان، پێشبینی دەکرێت دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات بە شێوەی قیست بێت و تا ناوەڕاستی مانگی ئازار بخایەنێت.
 هەروەک ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەگەری هەیە نرخی کەلوپەل لە نێوان 15% بۆ 40% بەرزببێتەوە و لەگەڵ سەرەتای مانگی ڕەمەزاندا بازاڕ تووشی کورتهێنانی ماددە خۆراکییەکان ببێت.
ئەم تیمە جەخت دەکەنەوە ئەگەر بڕیارە ئابوورییەکان باش نەکرێن، ڕێژەی بێکاری بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و هاوسەنگی دارایی وڵات تێکدەچێت، بۆیە پێویستە لە نێوان کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتیاندا هاوسەنگی ڕابگیرێت.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی