بەرپرسێکی ئەمنی سوریا بۆ میدیای ئیسرائیل: ڕەنگە دژ بە"حزبوڵڵای لوبنان" پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی بەرین

جیهان

16/02/2026‌ 234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەکی ئەمنیی سوریا لەلێدوانێکدا بۆ دەستەی پەخشی فەرمیی ئیسرائیل "کان" ڕایگەیاند کە هێشتا ململانێ و لێپرسینەوەیان لەگەڵ حیزبوڵڵا کۆتایی نەهاتووە و دیمەشق بە توندی کار دەکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە بنکەگرتنێکی نوێی ئەم ڕێکخراوە لە ناو خاکی سووریادا.

 
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەوڵەکان ئێستا چڕکراونەتەوە سەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو ژێرخانە سەربازییانەی حیزبوڵڵا لە دیوی سووریا و لەسەر سنووری لوبنان دروستی کردوون، هەروەها جەختی کردەوە کە ئەگەر چالاکییە نایاساییەکان لە ناوچەی بیقاع بەردەوام بن، دیمەشق ڕەنگە هەنگاوی مەیدانیی بگرێتە بەر.

 بەپێی زانیارییەکان، هەندێک لە چەکدارانی حیزبوڵڵا پێش ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد چوونەتە ناو شارۆچکەی قوسەیرە لە گوندەواری حومس و بڕێکی زۆر چەکیان بۆ ناو خاکی لوبنان گواستووەتەوە، هاوکات لەگەڵ باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و لوبنان، دیمەشق جەخت دەکاتەوە کە ئەم نزیکبوونەوەیە پەیوەندی بە حیزبوڵڵاوە نییە.

 لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی لوبنان نیگەرانی خۆیان لە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان نیشان داوە، بەتایبەت ئەگەر ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران قووڵتر ببنەوە، کە ڕەنگە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە هەبێت.