لەبارەی دۆخی ئاسایشی خۆراک و وزە دڵنیایی دەدرێتە عێراقییەكان

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 183 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی،  پەیامێکی گرنگی دڵنیایی ئاراستەی تەواوی هاوڵاتییان کرد سەبارەت بە دۆخی خەزێنەی ستراتیژیی خۆراک و سووتەمەنی لە وڵاتدا و داوای لێ کردن بە هیچ شێوەیەک نەکەونە ژێر کاریگەریی دەنگۆ ناڕاستەکان.

 ساڵح ڕایگەیاند کە دەوڵەت کۆگایەکی گەورەی خۆراکی هەیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە 1 ساڵ بەشی پێداویستییەکان دەکات، جگە لەوەی کەرتی تایبەت وەک هاوبەشێکی سەرەکیی ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕێت لە جێگیرکردنی بازاڕەکاندا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەی هایپەرمارکێتەکان هاوسەنگییەکی تەواوی لە نرخەکاندا دروست کردووە و بەشەخۆراکی مانگانەش بەردەوام دەبێت، هەروەها وەرزی بەرهەمهێنانی دانەوێڵەی ئەمساڵ نیشانەی تێربوونی خۆراکییە.

سەبارەت بە وزە، جەختی کردەوە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و بەرهەمهێنانی بەنزین و غاز بەردەوامە، بۆیە هیچ مەترسییەک بۆ نەمان یان کەمبوونیان نییە.

لەکۆتاییدا وتویەتی کە عێراق خاوەنی ئەزموونێکی گەورەیە لە بەڕێوەبردنی تەنگژەکان و دەتوانێت بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ بێت، تەنانەت ئەگەر ئاڵۆزی و جەنگەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوامییان هەبێت، دڵنیایی دا کە بژێوی خەڵک پارێزراوە.

بەپەلە