هەورەبروسکەی پاریس گەیشتە ناوچەکە.. فەرەنسا سێ زەبەلاحە جەنگییەکەی دژى ئێران دەخاتە ئامادەباشییەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1250 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پاریس ئاستی ئامادەباشی سەربازیی خۆی دەگەیەنێتە لوتکە بەناردنی هه‌ردوو كه‌شتى هێلیكۆپته‌رهه‌ڵگرى (تۆنێر)و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (شارل دیگۆل)، فەرەنسا پەیامێکی ڕونی ئاگادارکردنەوە دەنێرێت‌و قەڵغانێکی دەریایی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەچەقی ململانێی تاران‌و تەلئەبیب جێگیر دەکات.


هێزە بەشداربوەکان ..نیشاندانی هێز
فەرەنسا بەسێ لەگەورەترین شانازییەکانی هێزی دەریایی خۆیەوە دەردەکەوێت، ئه‌وانیش کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (شارل دیگۆل) کە هێمای دەسەڵاتی ئاسمانی‌و دەریایی فەرەنسایە له‌گه‌ڵ کەشتیی هێلیکۆپتەرهەڵگری (تۆنێر) کە ناوەکەی بەواتای (هەورەبروسکە) دێت‌و تایبەتە بەئۆپەراسیۆنی هێرشکردن لەدەریاوە بۆ سەر وشکانی، هه‌روه‌ها کەشتییەکی تری هێلیکۆپتەرهەڵگر کە پێشتر لەناوچەکەدا بوە بۆ ئەرکی جیاواز.

ئامانجە ستراتیژییەکان
وه‌كو ڕاپۆرته‌كان باسیده‌كه‌ن، ئه‌و جوڵه‌یه‌ى پاریس هه‌ڵگرى پەیامێكى سیاسییه‌، وه‌كو نیشاندانی پابەندیی فەرەنسا بەپاراستنی سەقامگیریی‌و پشتگیریکردنی هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەداو ئامادەکاری بۆ فریاگوزاریی، ئەم کەشتیانە وەک (نەخۆشخانەی گەڕۆک)و بنکەیەک بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی فەرەنسی‌و بیانیی لەکاتی تەقینەوەی شەڕێکی گشتگیر (بەتایبەت لەلوبنان) بەکاردێن، چاودێریی‌و بەرگریش یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له‌ئه‌ركه‌كانیان بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی‌و چاودێریکردنی جوڵە دەریاییەکانی ناوچەکە.

کۆبونەوەیەی کەشتییە جەنگییە فەرەنسییەکان ئاماژەیە بۆئەوەی، ئەوروپاو فەرەنسا مەترسییەکانی شەڕی ئێران‌و ئیسرائیل بەهەند وەردەگرن، بونی ئەو هێزەش لەدەریادا وەک قەڵغانێکی پارێزەرو هەڕەشەیەکی بێدەنگ وایە بۆ ڕێگریکردن لەفراوانبونی بازنەی ململانێکان.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایەو فەرەنسا بەناردنی (تۆنێرو شارل دیگۆل) سەلماندی کە نایەوێت تەنها چاودێربێت، بەڵکو دەیەوێت کارەکتەرێکی سەرەکی بێت لەپاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەناوچە پڕ لەئاگرەکەدا.