شارپرێس:
لەساتێکی پڕ لەئاڵۆزیی
سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرکەوتنی وێنەیەک لەسەر شاشەی یەکێک لەگەورەترین تۆڕە
هەواڵییەکانی جیهان، تەزویەکی بەگیانی ناوەندە سیاسییەکاندا هێنا، تۆڕی (CNN)ی ئەمریکی، بەنیشاندانی نەخشەیەک کە تێیدا
جوگرافیای کوردستانی گەورە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو دەردەکەوێت، نەک هەر بینەرانی سەرسام
کرد، بەڵکو پرسیارێکی قورسی خستەسەر مێزی لێکۆڵەران، ئایا ئەمە تەنها گرافیکێکی ڕۆژنامەوانییە،
یان پەیامێکی سیاسیی داڕێژراوە؟
لەپشت ڕەنگەکانەوە
چی هەیە؟
جیهان چاوی لەسەر
ئاڵۆزییەکانی نێوان تارانو واشنتۆنە، بهڵام دەرکەوتنی ئەم نەخشەیە لەپەخشی ڕاستەوخۆدا
تەنها هێڵکارییەک نەبوو بۆ ناساندنی ناوچەکە، شارەزایان پێیانوایە، ئەم هەنگاوەی CNN لەمکاتە هەستیارەدا، دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ
گۆڕانکاریی لەتێڕوانینی ستراتیژیی ڕۆژئاوا بەرامبەر بەدۆزی کورد.
جوگرافیایەک کە
بێدەنگیی شکاند
نەخشەکە کە ناوچە
کوردییەکانی هەر چوار پارچەکەی لەسەر کێشراوە، برینێکی کۆنی سیاسیی هەڵدایەوە، لەکاتێکدا CNN هیچ ڕونکردنەوەیەکی فەرمی
لەسەر هۆکاری نیشاندانی ئەو نەخشەیە نەداوە، بەڵام قورسایی ڕاپۆرتەکانی (کلاریسا
وارد)ى ڕۆژنامهنوسى ئهمریكى لەهەولێرو ئاماژەدان بەڕۆڵی کاریگەری کورد لەهاوکێشە
نوێیەکاندا، وایکردوە ئەم نەخشەیە وەک نەخشەی ڕێگهی داهاتوو لەقەڵەمبدرێت.
کاردانەوەکان..
لەنێوان هیوای کوردو توڕەیی دراوسێکان
ئەم دیمەنە لەتۆڕە
کۆمەڵایەتییەکاندا وەک بۆمبێکی میدیایی تەقییەوە، بۆ کوردان، نیشاندانی ئەو جوگرافیایە
لەمیدیایەکی جیهانیی وەک دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆ بەواقیعی نەتەوەییەک بینرا، لەبەرامبەریشدا،
ئەمە جارێکی دیکە هەستیاریی وڵاتانی ناوچەکەی تورکیاو ئێرانی تاقیکردەوە کە هەمیشە
هەوڵی سڕینەوەی ئەمجۆرە نەخشانەیانداوە لەفەزای دیجیتاڵیدا.
ئەگەرچی ڕەنگە بۆ CNN تەنها پاشبنەمایەکی گرافیکی
بێت بۆ ڕاپۆرتێکی هەواڵ، بەڵام بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر هێڵێکی سەر ئەو نەخشەیە
گوزارشت لەمێژویەکی پڕ لەململانێو داهاتویەکی نادیار دەکات، پرسیارە جەوهەرییەکە
ئەوەیە، ئایا ئەم نەخشەیە پێشەکییەک بوو بۆ کێشانەوەی سنورە ڕاستەقینەکان؟
