شارپرێس:
واشنتۆن ئۆپەراسیۆنی
(توڕەیی داستانی) دژی ئێران بەڕێوەدەبات، ترەمپ-یش خۆی لەناوەڕاستی شەڕێکی سیاسیی
ناوخۆییدا دەبینێتەوە کە مەترسییەکەی کەمتر نییە لەبەرەکانی جەنگ، ئەم ململانێیە تەنها
ڕوبەڕوبونەوەی دیموکراتەکان نییە، بەڵکو گەیشتوەتە ناو جەرگەی ئەو بزوتنەوەیەی کە
ترەمپی گەیاندە دەسەڵات.
شکستی کۆدەنگی نیشتمانیو
ئاماری ڕای گشتیی
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکان،
ترەمپ نەیتوانیوە ستراتیژییەکی کۆکەرەوە بۆ جەنگەکە دابڕێژێت، جیاواز لەجەنگەکانی ڕابردوو،
دیاردەی پشتیوانی لەسەرکردە لەکاتی جەنگدا دەرنەکەوتوە، بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى CNN ئاشكرایكردوه، له59٪ی
ئەمریکییەکان دژی بڕیارە سەربازییەکەنو هاوكات دابەشبونی حزبیشى بهدواى خۆیدا هێناوه،
بهشێوهیهك جەنگەکە بوەتە درێژکراوەی جەنگی حزبی؛ لەکاتێکدا 76٪ی کۆمارییەکان
پشتیوانیدەکەن، زۆرینەی دیموکراتو سەربەخۆکان دژایەتیدەکەن.
یاخیبونی
(ماگا)و قەیرانی شوناس
گەورەترین تەحەدا
بۆ ترەمپ لەناو بەرەی پارێزگارانو لایەنگرە سەرسەختەکانیدایە، دروشمی (ئەمریکا لەپێشینەیە)
کە لەسەر بنەمای دژایەتی جەنگە بێکۆتاکان دروستبوو، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی
سەختدایە.
لهو ڕوهوه ستیڤ
بانۆن هۆشداریدەداتو دهڵێت، "ئەم جەنگە بەشێک نەبوە لەبەڵێنەکانی هەڵبژاردنی
2024و مەترسی لەدەستدانی بنکەی جەماوەری دروستدەکات".
هاوكات دەنگە
کاریگەرەکانى وهك تاکەر کارڵسنو میگن کیلی جەنگەکە بەبەرژەوەندیی ئیسرائیل ناودەبەن
نەک ئەمریکاو پرسیاری قورس لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی سەربازه ئەمریکیهكان دەوروژێنن.
وەڵامی کۆشکی سپیو
تەڵەی ستراتیژیی
ترەمپ هەوڵدەدات
قەیرانەکە بچوک بکاتەوەو دەڵێت، "ماگا هێشتا لەپشتمە"، بەڵام لەڕاستیدا
ئیدارەکەی توشی "بۆشایی گێڕانەوە" بوە، بێدەنگیی لەبارەی کاتی کۆتاییهاتنی
جەنگو ئامانجە ڕاستەقینەکانی، وایکردوە تەنانەت ستراتیژیستە کۆمارییەکانی وەک کارڵ
ڕۆڤ هۆشداریی بدەن لەوەی، سەرکەوتنی دەرەوە بەبێ کۆدەنگی ناوخۆ مەحاڵە.
سیناریۆکانی ئایندەو
هەڵبژاردنی نیوەیی
ئەزمونی ڤێتنامو
عێراق دەیسەلمێنن کە سوپای ئەمریکا هەرچەندە بەهێزبێت، ئەگەر پشتیوانی جەماوەریی لەدەستبدات،
بژاردەکانی سەرۆک سنوردار دەبن، لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنە نیوەییەکانی کۆنگرێس،
ئەم جەنگە دوفاقییە دەکرێ ببێتە هۆی، پاشەکشەی کۆمارییەکان لەناوچە یەکلاکەرەوەکانو
زیادبونی درز لەناو بزوتنەوەی (ماگا)و سەرهەڵدانی ڕکابەری نوێ لەناو حزبدا.
چاودێرانى سیاسیى
لهئهمریكاوه پێیانوایه، ترەمپ لەسەر لێواری بڕیارێکی مێژوییە؛ یان دەبێت سەرکەوتنێکی
خێراو بێ زیان بەدەستبهێنێت بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگران، یان ئەوەتا ئەم جەنگە دەبێتە
هۆی کۆتاییهاتنی ئەو هەژمونە سیاسییەی کە لەساڵی 2016وه لەناو پارتی کۆماریدا
دروستیکردوە.
بزوتنەوەی ماگا ڕەوتێکی
سیاسیی نەتەوەپەرستو پۆپۆلیستییە کە لەدەوری کەسایەتی دۆناڵد ترەمپو دروشمی (ئەمریکا
دوبارە مەزن بکەرەوە) بونیادنراوە، ئەو بزوتنەوەیە لەسەر بنەمای فەلسەفەی (ئەمریکا
لەپێشینەیە) کاردەکاتو دژی جەنگە دەرەکییە درێژخایەنەکان، کۆچی نایاساییو ڕێککەوتنە
نێودەوڵەتییە فرەلایەنەکان دەوەستێتەوە، لەکاتێکدا جەخت لەسەر بەهێزکردنی پیشەسازی
ناوخۆیی، پاراستنی بەها کولتورییە پارێزگارەکانو بەرەنگاربونەوەی ئەو دامەزراوە سیاسییانە
دەکاتەوە کە بەدەوڵەتی قووڵ لەواشنتۆن ناویان دەبات.
