چوار بنكەی حەشد بۆردومانكرا.. ڕاگەیەندراوێكی بەپەلەی بڵاوكردەوە

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1241 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێوارەی ئەمڕۆ، چوار هێرشی درۆنی کرایە سەر چەند بنکەیەکی حەشدی شەعبی لەپارێزگای سەڵاحەددین، هاوکات دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیەندراوێکی نوێی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند،لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی لایەنی پشت هێرشەکان دەستپێکردوە.

 
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەمیدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند، چوار بنکەی سەر بەحەشدی شەعبی لەناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین بەدرۆن کرانە ئامانج، هێرشەکان لەبەشەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری قەزای خورماتوو دەوروبەری قەزای ئامرلی بون.

دەشڵێت،" یەکێک لەهێرشەکان بارەگای فەوجی یەکی سەر بە لیوای 52ـی حەشدی شەعبی لەکەرتی خورماتوو پێکاوە، کە بەهۆیەوە ئەندامێکی حەشد بریندار بوە، دوای هێرشەکان، هێزە ئەمنییەکان رێکاری توندیان گرتوەتەبەرو لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی لایەنی پشت هێرشەکان دەستپێکردوە.

دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیەندراوەكەی بەتایبەت ئاڕاستەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد،  تیایدا جەختی کردەوە، هەڵوێست و ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانیان تەنها لەرێگەی پلاتفۆرمە میدیاییە باوەڕپێکراوەکانی خۆیانەوە دەردەچێت، کە ئەویش "بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن"ە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،"هەر لێدوان یان هەواڵێک لە دەرەوەی ئەم پلاتفۆرمانە بڵاوبکرێتەوە، گوزارشت لەڕای فەرمی دەستەی حەشدی شەعبی ناکات، بەڵکو تەنها گوزارشتە لەڕای ئەو کەس و لایەنانەی بڵاویان کردووەتەوە." دەستەی حەشد داوای لە میدیاکاران و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا کرد لەگواستنەوەی هەواڵەکاندا تەنها پشت بەسەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.

بەپەلە