ئێران مەرجی بۆ وەستاندنی شەڕ داناو واشنتۆنیش دەرگاکانی داخست

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1422 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دیپلۆماسی لەژێر سێبەری موشەکەکاندا شکستیهێنا، ئێران مەرجی وەستانی گشتگیری هێرشەکان بۆ ئاگربەست دادەنێت‌و واشنتۆنیش بێباکانە دەرگای گفتوگۆکانی داخست، ئەمەش به‌بڕواى چاودێران، ئاسۆی جەنگەکە بەرەو قۆناغێکی نادیارو خوێناویتر دەبات.


لەکاتێکدا دەنگی تەقینەوەو موشەکەکان ئاسمانی ناوچەکەیان تەنیوە، ئاسۆی ئاشتیی تەڵختر دەبێت، تاران کە هێشتا لەژێر شۆکی تیرۆرکردنی ڕێبەری باڵاو فەرماندە سەربازییەکانیدایە، ڕایگەیاند، هیچ دەستپێشخەرییەک بۆ ئاگربەست قبوڵناکات تەنها بەیەک مەرج نەبێت ئه‌ویش، "ڕاگرتنی یەکجاریی‌و بێ مەرجی هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل".

سەرچاوە باڵاکان ئاشکرایدەکەن، هەوڵی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەربەستی پۆڵاینیان هاتوەتە پێش، لەلایەک ئێران ئامادەنییە لەژێر گوشاری سەربازیی قورسدا پاشەکشە بکات، لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌ ئیدارەی ترەمپ بەساردی‌و بێباکی وەڵامی ناوبژیوانانی داوەتەوەو هیچ خولیاو ئارەزویەکی بۆ گفتوگۆ پیشان نەداوە.

به‌بڕواى چاودێران، ئەمە تەنها شەڕی موشەک‌و درۆن نییە، بەڵکو ململانێی شکاندنی ئیرادەیە، واشنتۆن دەیەوێت لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەی 28ی شوباتەوە تاران ناچاری خۆبەدەستەوەدان بکات‌و تارانیش دەیەوێت بیسەلمێنێت کە تەنانەت دوای لەدەستدانی گەورەترین سەرکردەکانیشی، مەرجەکانی خۆی دەسەپێنێت.

ناوچەکە ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ یان پێکدادانێکی سەرتاسەری کە هەموان دەسوتێنێت، یان موعجیزەیەک کە بتوانێت ئەم چەقبەستوییە سیاسییە بشکێنێت.

بەپەلە