شارپرێس:
تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ڕژێمی ئێران هێشتا یەکگرتوەو توانای مانەوەی بەهێزە، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردە و تواناکانی، بە توندی توشی شەکەتبون بوە.
گابارد هۆشداری دا کە تاران ئەگەر لەم جەنگە ڕزگاری بێت، دەست دەکاتەوە بە بونیادنانەوەی هێزە چەکدارەکان، موشەک و درۆنەکانی، جەختی کردەوە کە ئێران و بریکارەکانی هێشتا دەتوانن هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو کە چاوەڕێی سیناریۆیەکی هاوشێوەی ڤەنزوێلا لە ئێران دەکات و ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر دەسەڵاتی موجتەبا خامنەیی دەربڕی، چونکە ئەو دەوێت فەرمانڕەوایانی ئێران هاوکاریی ئەمریکا بن.
سەرەڕای فشارەکان، سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە هیچ نیشانەیەک بۆ ڕووخانی نزیکی ڕژێم لە ئارادا نییە و تاران وەک پێکهاتەیەکی یەکگرتوو ماوەتەوە.