شارپرێس:
لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا هیوای دیموکراتەکانی بۆ کۆتو بەندکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی دۆناڵد ترەمپ لەناوبرد، بەڕەتکردنەوەی پڕۆژەیاسای سنوردارکردنی هێرش بۆسەر ئێران، ئێستا ترەمپ بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس، کلیلە سورەکانی جەنگی لەبەردەستدایە.
لەدانیشتنێکی پڕ لەگرژیدا، پڕۆژەکە بە 53 دەنگی نەخێر (بهواتاى نهخێر بۆ گهڕانهوهى سهرۆك بۆ كۆنگرێس بۆ ههر بڕیارێك)و بەرامبەر بە 47 دەنگی بەڵێ (واته بهڵێ بۆ گهڕانهوهى سهرۆك بهر لهههر بڕیارێك)ى شکستیهێنا، ئەوەی چاودێرانی سەرسام کرد، شکانی ڕیزبەندیی پارتەکان بوو؛ ڕاند پۆڵی کۆماری کە بەدژە جەنگ ناسراوە، پشتیوانی دیموکراتەکانی کرد، بەڵام لەبەرەی بەرامبەردا جۆن فێتەرمانی دیموکرات پشتی لەحزبەکەی کردو دەنگی بەئازادکردنی دەستی ترەمپدا.
هەرچەندە (یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ)ی ساڵی 1973 جەخت لەوەدەکاتەوە، سەرۆک دەبێت بۆ هەڵگیرساندنی هەر جەنگێک مۆڵەت لەکۆنگرێس وەربگرێت، بەڵام ئەو بڕیارە نوێیەی ئەنجومەنی پیران ئەو دیوارە یاساییەی ڕوخاند، ئێستا ترەمپ دەتوانێت بەپاساوی بەرگریی لەبەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی تاران فراوانتر بکات.
ئەم بڕیارە یاساییە لەکاتێکدایە کە لە 28ی شوباتەوە ئاگری شەڕێکی نافەرمی لەنێوان سێگۆشەی (ئەمریکا، ئیسرائیلو ئێران) داگیرساوە، تاران لەوەڵامی هێرشەکاندا، بنکەکانی ئەمریکای لەوڵاتانی دراوسێ کردوەتە ئامانج.
شکستی ئەو پڕۆژەیاسایە تەنها پرسێکی ناوخۆیی واشنتۆن نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە بژاردەی دیپلۆماسی جێگەی خۆی بۆ زمانی چەک چۆڵکردوە، ئێستا جیهان چاوەڕێی هەنگاوی داهاتوی ترەمپ دەکات، ئایا ئەو ئازادییە یاساییە دەبێتە هۆی ئارامیی یان ئاگری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆشتردەکات؟
