شارپرێس:
لەنێوان هەڕەشەی هێرشی قووڵی حزبوڵڵا بۆسەر تەلئەبیبو گەمارۆدانی باشوری لوبنان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، یەکێتیی ئەوروپا زەنگی مەترسیی کارەساتی مرۆیی لێدەداتو وەزیری دەرەوەی فەرەنساش پڕۆژەی دیالۆگێکی مێژویی بۆ نێوەندگیرییو چەکداماڵینی حزبوڵڵا دەخاتەسەر مێزی گفتوگۆکان لەبەیروت.
لەکاتێکدا دەنگی تەقینەوەکان لەبەیروتو باشور کپ نابن، لوبنان خۆی لەبەردەم قۆناغێکی مێژویی مەترسیدا دەبینێتەوە، سەردانەکەی ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ بەیروت، تەنها گەشتێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو دوایین هەوڵی پاریسە بۆ ڕێگریکردن لەکەوتنی تەواوەتی وڵاتەکە بۆ ناو جەنگێکی وێرانکەر.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەپەیامێکی ڕونەوە گەیشتە بەیروت، ڕایگهیاند، "فەرەنسا لەپشت گەلی لوبنانە لەجەنگێکدا کە خۆیان هەڵیان نەبژاردوە".
پاریس دەیەوێت زەمینە بۆ دیالۆگێکی مێژویی لەنێوان حكومهتى لوبنانو ئیسرائیل خۆشبکات، کە ئامانج لێی، چەکداماڵینی ڕێکخراوی حزبوڵڵاو گەڕاندنەوەی سەروەریی چەک بۆ دەستی سوپای لوبنانە.
لەلایەکی دیكهوه، ئیسرائیل ستراتیژی (بڕینی دەمارەکان) لهلوبنان پەیڕەو دەکات. بەبۆردومانکردنی پردەکانی سەر ڕوباری لیتانیو ناوچەکانی سورو نەبەتییە، دەیەوێت باشور لەناوەند داببڕێت، لەبەرامبەریشدا، حزبوڵڵا قووڵترین هێرشی موشەکیی ئەنجامدا کە دەنگی زەنگی مەترسیی لەناوەندی تەلئەبیبو تەنانەت ناوچەکانی نزیک غەززەش لێدرا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبونی بێوێنەی بازنەی ڕوبەڕوبونەوەکان.
ئەو باجەی خەڵکی سڤیل دەیدەن، تاقەتپڕوکێنە، بهگوێرهى ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی قوربانییان گەیشتوەتە 968 کوژراوو زیاتر لە2400 بریندار، کە لەنێویاندا سەدان منداڵو ژنو کارمەندی تەندروستی هەن، یەکێتیی ئەوروپا بەتوندی ئیدانەی هێرشەکانی سەر یونێفێلو تیمە پزیشکییەکانی کردو دۆخەکەی بە"کارەساتبار" وەسفکرد.
مەترسییەکانی ئەم ململانێیە تەنها لەسنوری لوبناندا نەمایەوە؛ دەستگیرکردنی 10 کەس لەکوهیت بەتۆمەتی پەیوەندییان بەحزبوڵڵاو پلاندانان بۆهێرشکردنەسەر ژێرخانی ئەو وڵاتە، نیشانەی ئەوەیە کە پڵیتەی ئەم جەنگە خەریکە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.
ئایا دیپلۆماسییەتی فەرەنسا دەتوانێت پێش ئامێری جەنگی ئیسرائیل بکەوێت، یان لوبنان بەرەو جەنگێکی درێژخایەن دەڕوات کە کەس نازانێت کەیو چۆن کۆتایی دێت؟
