شارپرێس:
لە کاتێکدا گرژییەکانی ناوچەی کەنداو بەرەو هەڵکشانی بەردەوام دەچن، لێکەوتە
نەرێنییەکان تەنیا لە گۆڕەپانەکانی جەنگی سەربازیدا قەتیس نەماون، بەڵکو بە بێدەنگی
گەیشتوونەتە سەر خوان و نانی دانیشتووانی دوورترین شوێنەکانی جیهان.
لەوبارەیەوە فازڵ زوعبی، سەرۆکی پێشووی نێردەی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی
جیهانیی ( فاو،) هۆشداری دەدات کە ململانێکان بە زمانی ژمارە و شیکارییەکی زانستیی
دەبنە کارەساتی بێدەنگی خۆراک.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە پەککەوتنی زنجیرەکانی دابینکردن یەکەم دەروازەی
قەیرانەکەیە، چونکە تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی بەرز دەکاتەوە و بڕی خۆراکی بەردەست
لە بازاڕەکاندا کەمدەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.
زوعبی جەخت لەسەر فاکتەرێکی بنەڕەتیی دەکاتەوە ئەویش کەرەستەکانی بەرهەمهێنانی
کشتوکاڵییە، بەتایبەتی پەین و وزە، بەوپێیەی لەدەستدانی نزیکەی نیوەی بەرهەمی جیهانیی
یۆریا بۆتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بێوێنەی نرخی ئەم پەینە، ئەمەش جووتیاران دەخاتە بەردەم
دوو بژاردەی سەخت: یان بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی بە تێچوویەکی زۆر کە نرخەکان
گران دەکات، یان کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کە دەبێتە هۆی کەمیی بەرهەم.
هەروەک دەلێت: لە ڕووی مرۆییەوە، ئەم
ململانێیە زیاتر لە 500000 ئاوارەی لە ناوخۆی لوبناندا دروست کردووە، کە ئەمەش
بارگرانییەکی گەورە دەخاتە سەر خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان. هاوکات، ململانێکان
ئابووری وڵاتانی بەخشەر لاواز دەکەن و توانای هاوکارییەکانیان بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان
کەمدەکاتەوە.
داتاکانی زوعبی نیشانی دەدەن کە ئەگەری هەیە 45 ملیۆن کەسی دیکە بچنە بازنەی
برسێتییەوە، بە شێوەیەک کە ڕێژەی برسێتی لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقا 10% و لە ڕۆژهەڵات
و باشووری ئاسیا 15% بەرز ببێتەوە، هۆکاری ئەمەش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی یۆریا بە بڕی
100 دۆلار و زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنانی هەر دۆنمێک بە بڕی 30 دۆلار دەگەڕێتەوە،
جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار.
سەبارەت بە وڵاتانی عەرەبیش، زوعبی دەلێت ئەو وڵاتانە دابەش دەبن بەسەر سێ
کۆمەڵەدا: وڵاتانی دەوڵەمەند کە توانای کۆنترۆڵکردنی نرخەکانیان هەیە، وڵاتانی گیرۆدەی
جەنگ کە هاوکارییەکانیان کەمدەکاتەوە، و وڵاتانی خاوەن ئابووریی لاواز کە ناتوانن ڕووبەڕووی
ئەم شەپۆلە گرانە ببنەوە.
بۆ ڕێگری لەم داڕمانە، زوعبی پێشنیاری
سێ هەنگاوی بەپەلە دەکات: دابینکردنی هاوکاریی خۆراکیی خێرا، وەبەرهێنانی ناوخۆیی
بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دەرەوە و کۆنترۆڵکردنی بازاڕە ناوخۆییەکان بۆ ڕێگریکردن
لە هەڵاوسانی نادروست و چالاککردنی تۆرەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
