له‌هورمز چى ڕوده‌دات؟ بۆچی مینە تۆقێنەرەکانی ئێران پوچه‌ڵناكرێنه‌وه‌؟

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2066 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا ئه‌مریكاو ئیسرائیل بۆ هەفتەی سێیەمە بەردەوامن لەهێرشە ئاسمانییە به‌رده‌وامه‌كانیان بۆ سەر ئێران، کردنەوەی گەروی هورمز بوەتە کێشەیەکی پەرەسەندوو و چارەسەرنەکراو، هاوكات ئه‌وه‌ش زانراوه‌، سەدان کەشتی لەکەنداودا گیریانخواردوە دوای ئەوەی ئێران بانگەشەی کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر گەروەکەدا ڕاگه‌یاند.


تەنها چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی شەڕ، ئێران مینی لەو ڕێڕەوە دەریاییە 24 میل-پانتاییەدا چاندوه‌ کە بەشێوەیەکی ئاسایی وەک شاڕێیەکی سەرەکی بۆ نزیکەی چارەکی بازرگانیی گازی سروشتی شل‌و نەوتی جیهان کاردەکات.

گەمارۆی ئێران بۆسەر گەروەکە، کە تاکە ڕێگه‌ی دەریاییە بۆ چونە دەرەوە لەکەنداو، شۆکی ناوە بەنرخی نەوتی جیهانیدا، بەجۆرێک بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە نرخەکان لەژێر 110 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ماونەتەوە.

شارەزایان بەڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت-ى به‌ریتانیان وتوه‌، دۆناڵد تره‌مپ ساویلکە بوە کە لەکاتی دەستپێکردنی شەڕەکەیدا له‌گه‌ڵ ئێران، ئەگەرى گەمارۆدانی گەروەکەی لەلایەن ئێرانەوە بەهەند وەرنەگرتوە.

کاپتنێکی پێشوی مینڕێژکەری هێزی دەریایی بەریتانیا به‌ڕۆژنامه‌كه‌ى ڕاگه‌یاندوه‌، ڕێکارەکانی نەهێشتنی مینەکان کارێکی خاوو تاقەتپڕوکێنە.

لەبارەی چۆنیەتی کارکردنی مینەکانیش، ئاشكرایكردوه‌، "ئێرانیه‌كان چاوەڕێدەکەن لەلایەن ئەو کەشتییە بێئاگایانەوە چالاک بکرێن کە بەسەریاندا تێدەپەڕن، ئەمەش دەکرێت بەشێوەی موگناتیسی، دەنگی، یان بەپەستان، یان بەتێکەڵەیەک لەمانە ڕوبدات".

ئه‌و شاره‌زایه‌ باسى له‌وه‌شكردوه‌، "مینه‌كان دەتوانن جۆرە جیاوازەکانی کەشتی به‌ئامانج بگرن، لەڕێگەی ناسینەوەی دەنگ‌و تایبەتمەندییانەوە، دەتوانن ژمارەی ئەو کەشتیانەی بەسەریاندا تێدەپەڕن بژمێرن‌و ڕێگە بدەن 10 یان 20ى یەکەمیان تێپەڕن‌و پاشان لەژێر کەشتی دواتریاندا بتەقێنەوە، لەوکاتەی کە هەموان پێیانوابوە ناوچەکە ئارامە".

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، مینەکان دەکرێت لەڕێگەی فڕۆکە، کەشتی، ژێردەریایی دابنرێن، به‌گوێره‌ى سەنتەری شتراوس، دەکرێت نرخەکەیان هەرزان بێت‌و هەندێکیان تەنها 1500 دۆلار بن، لانیکەم 30 وڵات ئەو مینانە بەرهەمدەهێنن‌و زیاتر لە 20 وڵات هەناردەی دەکەن، کە لەساڵی 1950وە بەرپرسیاربون لە لەسەدا 77ی هەموو قوربانیانی کەشتییەکانی ئەمریکا.

سەنتەری شتراوس (The Robert Strauss Center for International Security and Law) ناوەندێکی توێژینەوەی ئەکادیمی‌و نێودەوڵەتییە کە بنکەکەی له‌زانکۆی تەکساسە لەشاری ئۆستن لەئەمریکا، ئەو ناوەندە بەناوی باڵیۆز (ڕۆبێرت شتراوس)ەوە ناونراوە کە یەکێکبوە لەکەسایەتییە دیارەکانی خزمەتگوزاری گشتیی لەئەمریکا.

گەروی هورمز تەنها ڕێڕەوێکی ئاوی نییە، بەڵکو گۆڕەپانی ململانێیەکە کە تێیدا تەکنەلۆژیایەکی هەرزان‌و سادەی وەک مینە دەریاییەکان، دەتوانێت شکۆو هێزی گەورەترین سوپای جیهان بخاتە ژێر پرسیارەوە، لەکاتێکدا سیاسەتمەداران خەریکی لێدوانی توندن، دەریاوانان دەزانن کە جەنگی ڕاستەقینە لەژێر شەپۆلەکانداو بەبێدەنگی بەڕێوەدەچێت؛ جەنگێک کە تیایدا کات‌و ئارامگرتن، تاقە چەکی سەرکەوتنن.

بەپەلە