گریگۆری بۆڤینۆ دەموچاوە توندەکەی تره‌مپ دەستبەرداری پۆستەکەی بوو

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2029 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گریگۆری بۆڤینۆ، یەکێک لەفەرماندە باڵاکانی پاسەوانی سنوری ئەمریکا كه‌ به‌(دەموچاوه‌ تونده‌كه‌ى تره‌مپ) ناسرابوو بۆ پلانە توندەکانی دیپۆرتکردنەوە، لەژێر گوشارێکی بێوێنەدا خانەنشینبونی خۆی ڕاگەیاند، ئەو بڕیارە تەنها کۆتاییهاتنی سێ دەیەیە لەکارکردن نییە، بەڵکو وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ ڕاکردن لەو لێکۆڵینەوە ناوخۆیی‌و تاوانکارییانەی کە بەرۆکیانگرتوە.


یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی کەوتنی بۆڤینۆ، لێکۆڵینەوەیەکی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانییە (DHS) کە لەلایەن نیویۆرک تایمزەوە ئاشکراکراوە، ده‌ڵێت، "بۆڤینۆ تۆمەتبارە بەوەی لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سوکایەتی بەئایینی جوو کردوە، ئەو گازندەی ئەوەیکردوە کە دانیال ڕۆزن داواکاری گشتی مینیسۆتا لەکۆتایی هەفتەدا بەردەست نییە بەهۆی پابەندبونی بەمەراسیمی (شەبات)ی ئایینی جوو"، بۆڤینۆ-ش بەگاڵتەجاڕییەوە پرسیویەتی، "ئایا تاوانبارە جوەکانیش لەکۆتایی هەفتەدا تاوان ئەنجامنادەن؟".

وه‌كو ڕاپۆرته‌كه‌ى نیویۆرك تایمز ئاشكرایكردوه‌، ناوبانگی بۆڤینۆ بەهۆی تاکتیکە سەربازییە توندەکانی لەشارەکانی وەک مینیاپۆلیس‌و شیکاگۆ زیاتر زڕاوه‌، چونكه‌ سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنێکی کردوه‌ کە بوەته‌ هۆی کوژرانی دوو هاوڵاتی ئەمریکی بەناوەکانی (ڕێنی گود)و (ئەلێکس پرێتی) لەلایەن ئەفسەرانی فیدراڵییەوە، لەکاتێکدا کریستی نۆم، وەزیری پێشوی ئاسایشى نیشتمانیى، ئەو دوکەسەی بەتیرۆریستی ناوخۆیی ناوبرد، بۆڤینۆش بەتوندی بەرگریی لەو تێڕوانینە کرد، ئەمەش توڕەیی‌و ناڕەزایەتییەکی زۆری لەسەر ئاستی جەماوەریی‌و سیاسیی لێکەوتەوە.

جگە لەلێکۆڵینەوە ناوخۆییەکان، بۆڤینۆ لەبەردەم مەترسی تۆمەتی تاوانکارییە، داواکاری گشتیی مینیسۆتا لێکۆڵینەوە لەڕەفتاری ئەفسەرە فیدراڵییەکان دەکات، بەتایبەت ئەو ڕوداوەی کە تێیدا بۆڤینۆ تۆمەتبارە بەوەی لە 21ی کانونی دوەمدا بۆمبێکی دوکەڵی گرتوەتە خۆپیشاندەران.

سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بۆڤینۆ هەستیکردوە "با بەکام ئاراستەدا هەڵدەکات"، دوای ئەوەی تره‌مپ "کریستی نۆم"ی لەکارەکەی وەک وەزیری ئاسایشی نیشتمانی دورخستەوە، بۆڤینۆ پاڵپشتییە سیاسییەکەی لەدەستدا، تەنها دوای دوو هەفتە لەدورخستنەوەی نۆم، بۆڤینۆ خانەنشینبونی خۆی ڕاگەیاند، یەکێک لەکاربەدەستانی DHS دەڵێت، "ئەو بڕیاریدا بازبدات، پێشئەوەی پاڵی پێوەبنێن‌و دەری بکەن".

کشانەوەی بۆڤینۆ لەکاتێکدایە کە ڕاپرسییەکان دەریدەخەن 58٪ی ئەمریکییەکان پێیانوایە، حکومەت لەپرسی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەراندا زێدەڕۆیی کردوە، بۆڤینۆ کە سەردەمێک وەک پاڵەوانێکی جێبەجێکردنی یاسا دەردەکەوت، ئێستا لەژێر باری لێکۆڵینەوەی ئەخلاقی، ئایینی‌و تاوانکاریی، کاروانی پیشەیی خۆی بەکۆتادەهێنێت.

بەپەلە