بارەگای خاتەمولئەنبیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى قورس له‌ئه‌مریكاو ئیسرائیل ده‌كات

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1142 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بارەگای ناوەندیی (خاتەمولئەنبیا)ی ئێران ڕایگەیاند، وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی کرانەسەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەیان هێشتا بەردەوامەو کۆتایی پێنەهاتوە، هاوکات هۆشداریدایە دوژمنانی کە هەر جۆرە دوبارەکردنەوەیەکی دەستدرێژیی، وەڵامێکی زۆر توندتری لێدەکەوێتەوە.


موقەدەم ئیبراهیم زوڵفەقاری وتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوەکرد کە "دوژمن هەڵەیەکی گەورەی کرد بەکردنه‌ ئامانجی ژێرخانی وزەی ئێران، پرۆسەی تۆڵەسەندنەوە ئێستا لەئارادایە".

زوڵفەقاری هۆشداریی توندیداو ڕایگەیاند، "ئەگەر دەستدرێژیی بۆسەر دامەزراوەکانی وزە دوبارەبێتەوە، هێرشەکانمان بۆسەر ژێرخانی وزەی ئێوەو هاوپەیمانەکانتان ناوەستێت تا تێکشکاندنی تەواوەتییان".

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوەدێن، کە ئیسرائیل هێرشیکردەسەر کێڵگەی غازی (پارس)ی باشور لەئێران، سوپای پاسداران ئەو هێرشەی بە"خاڵی وەرچەرخان" لەهاوکێشەی جەنگەکەدا ناوبرد.

لەبەرامبەردا، سوپای پاسداران شەپۆلی 63ی ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی ڕاستەقینەی 4)ى دەستپێکرد، کە تێیدا دامەزراوە نەوتییەکانی سەر بەئەمریکا لەناوچەکەو 80 ئامانجی سەربازیی لەناو جەرگەی خاکە داگیرکراوەکانی (ئیسرائیل) کردە ئامانج، ئێستاش سوپای پاسداران لەڕێگەی لێدانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاو قوڵایی ئیسرائیلەوە بەردەوامە لەوەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە.