درز لەستراتیژیی هاوپەیمانان.. واشنتۆن‌و تەلئەبیب لەبەردەم دوو بژاردەی جیاواز بۆ لێدانی ئێران

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 593 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکاتێکدا دەنگۆکانی جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تادێت بەرزتر دەبنەوە، ئاشکرابونی جیاوازیی نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل لەسەر جۆری ئامانجەکان، ئاراستەی ڕوداوەکانی گۆڕیی بۆ قۆناغێکی مەترسیدارتر.


توڵسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، پەردەی لەسەر نهێنییەک لادا کە گوزارشت لەدوو دیدگای جیاواز دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، گابارد ئاشکرایکرد، ئیسرائیل‌و ئەمریکا، سەرەڕای هاوپەیمانییە مێژوییەکەیان، بەڵام لەدیاریکردنی (سەری مارەکە)دا هاوڕانین.

به‌گوێره‌ی زانیارییەکانی گابارد، تەلئەبیب ستراتیژیی بڕینی سەر پەیڕەو دەکات، وه‌كو وتویه‌تی، "ئیسرائیل دەیەوێت لەڕێگەی لێدانی ڕاستەوخۆی سەرکردە باڵاکان‌و فەرماندە سەربازییەکان، بەتایبەت عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی، کۆتایی بەهەڕەشەکانی ئێران بهێنێت، بۆ ئیسرائیل، سڕینەوەی جەستەیی سەرکردایەتی ئێران، خێراترین ڕێگەیە بۆ داڕماندنی سیستمەکە".

لەبەرامبەردا، پنتاگۆن‌و هەواڵگریی ئەمریکا جەخت لەسەر "وشککردنی سەرچاوەکان" دەکەنەوە، واشنتۆن دەیەوێت ژێرخانی سەربازیی، کارگەکانی دروستکردنی موشەکی بالیستی، کەشتییە جەنگییەکان‌و بنکە ستراتیژییەکان بکاتە ئامانج، ئەمریکا پێیوایە پەکخستنی توانای سەربازیی ئێران، مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاو جیهان کەمتر دەکاتەوە، بێئەوەی ناوچەکە ڕوبەڕوی تەقینەوەیەکی کۆنترۆڵنەکراو بکاتەوە.

خاڵی هەرە سەرنجڕاکێشی لێدوانەکانی گابارد، ئاماژەدان بوو بەخواستی دۆناڵد ترەمپ، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، سەرۆکی ئەمریکا چەندینجار بەئاشکرا باسی لەوەکردوە کە کاتی ئەوەهاتوە "سەرۆکێکی نوێ" بۆ ئێران دیاریبکرێت، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا تەنها بەگۆڕینی ڕەفتارەکانی ئێران ڕازی نییە، بەڵکو چاوی لەگۆڕینی ڕیشەیی سیستمەکەیە.

ئەم زانیارییانە لەکاتێکدادێن کە گابارد لەکۆبونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ سەرۆکی ئاژانسە هەواڵگرییەکان، هۆشداریداوە لەو هەڕەشانەی ڕوبەڕوی ئەمریکا دەبنەوە، ئێستا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا ئەم دوو هاوپەیمانە دەگەنە خاڵێکی هاوبەش، یان جیاوازیی لەنەخشەی ئامانجەکاندا دەبێتە هۆی پەککەوتنی هەر هێرشێکی هاوبەش بۆ سەر تاران؟