شارپرێس:
لەکاتێکدا میدیاکانی
بەریتانیاو دامەزراوە حکومییەکانی ئەو وڵاتە ناوی (ڕەوەند عەبدولڕەحمان) وەک کۆچبەرێکی
(عێراقی) دەهێنن، بەڵام ڕاستیو وردەکارییەکانی پاشخانی ژیانی ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن،
ئەو گەنجێکی كوردى باشوری کوردستانە، ئەم کەیسە تەنها چیرۆکێکی ئاگرکەوتنەوە نییە،
بەڵکو گوزارشتە لەئاڵۆزییەکانی ناسنامەو ئەو گرێکوێرەو کێشە ئاڵۆزه دەرونیانەی کە
پەنابەران لەهەندەران ڕوبەڕوی دەبنەوە.
ناسنامەی شێوێندراو..
کوردێک لەبەرگی عێراقیدا
ڕەوەند عەبدولڕەحمان
(تهمهن 37 ساڵ) لەناوەندە فەرمییەکانی بەریتانیا وەک هاوڵاتییەکی عێراقی ناسێندراوە،
ئەم ناساندنە تەنها لایەنێکی تەکنیکییە بەهۆی پاسپۆرتە عێراقییەکەیەوە، بەڵام لەبنەڕەتدا
ئەو کوردەو پێش گەیشتنی بەبەریتانیا وەک شوان لەگوندەکانی کوردستان ژیانی بەسەربردوە،
ئەم جیاوازییە لەناسنامەدا (کوردبون لەبەرامبەر ناساندنی وەک عێراقی) زۆرجار دەبێتە
هۆی ئەوەی کە وێنەیەکی گشتگیرو هەڵە بۆ هەموو کۆچبەرانی ناوچەکە دروست ببێت.
زنجیرە ئاگرکەوتنەوەکان..
لەفۆنێکسەوە بۆ بێڵ
ڕەوەند نەک تەنها
جارێک، بەڵکو بەشێوەیەکی سیستماتیک مەترسی بۆسەر ژیانی هاوڕێ پەنابەرەکانی
دروستکردوە، بۆ نمونه:
هۆتێلی فۆنێکس (Phoenix): یەکەم وێستگەی تێکدەرانەی بوو لەناوچەی نۆرس
ویڵد، کە زیانی زۆری بەهۆتێلەکە گەیاند.
هۆتێلی بێڵ (Bell): دوای ئەوەی حکومەت گواستییەوە بۆ ئیسێکس،
جارێکی دیكه هەمان تاوانی ئەنجامدایەوە، ئەمجارەیان ئاگرەکەی لەژورەکەی خۆیەوە دەستپیپێکرد،
لەکاتێکدا دەیان پەنابەری دیكه لەژورەکانی تەنیشتی بون.
سیناریۆی
"تارماییەکان"و باری دەرونی
یەکێک لەکاریگەرترینو
سەیرترین لایەنەکانی ئەو کەیسە، بەرگرییەکانی ڕەوەند بوو لەدادگا، ئەو بەشێوەیەکی
سەیر ڕایگهیاندبوو، "تارماییەکان" ئاگرەکەیان کردوەتەوە.
ئەمە لەلایەن
دادوەرو داواکاری گشتییەوە وەک تەکتیکێکی لاواز بۆ ڕاکردن لەسزا بینرا، پێکەنینو
بێباکی ئەو لەکاتی دادگاییکردنەکەیدا، کە لەگرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت، نیشانەی
تێکچونێکی قوڵی دەرونی یان بێڕێزییەکی تەواوە بەرامبەر بەو یاسایانەی کە پارێزگارییان
لێدەکرد.
لێکەوتەکان لەسەر
کۆمەڵگەی کوردیو پەنابەران
ئەو کەیسە زیانێکی
گەورەی بەوێنەی پەنابەری کوردو عێراقی گەیاندوە لەبەریتانیا، لهو ڕوهشهوه ڕێكارهكان
زۆر توندكراونهتهوه، چالاكانى مافى مرۆڤیش لهبهریتانیا باس لهوهدهكهن،
کارەکانی ڕەوەند بیانوی داوهته دەست لایەنە ڕاستڕەوەکانی بەریتانیا بۆ ئەوەی
داوای توندکردنەوەی یاسای پەنابەران بکەن، ههروهها نەبونی بەڵگەی تەواو لەسەر ڕابردوی
وەک "شوان"، وایکردوە دەسەڵاتداران بەگومانەوە لەهەموو ئەو چیرۆکانە بڕوانن
کە پەنابەران دەیگێڕنەوە.
چارەنوس.. زیندانو
دیپۆرتکردنەوە
دادگای بەریتانیا
ڕەوەندی وەک مەترسییەکی بەردەوام بۆ سەر ئاسایشی گشتیی وڵاتهكهى ناساندوە، بڕیاریشوایه
دوای تەواوکردنی ماوەی زیندانییەکەی، وەک کەسێکی نەخوازراو (Persona non grata) ڕەوانەی عێراق بکرێتەوە،
ئەمەش کۆتاییەکی تراژیدییە بۆ گەنجێک کە بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕا، بەڵام بەهۆی
کردارەکانییەوە ئێستا وەک تایبەتترین تاوانباری هۆتێلەکان ناوی دەهێنرێت.
ئێستا ڕەوەند عەبدولڕەحمان
تەنها ژمارەیەکە لەزیندانەکانداو وەک کەسێکی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی نیشتيمانی بةريتانيا
پۆلێنکراوە، ئەو چاوەڕێی تەواوبونی سزاکەی دەکات تا وەک "کەسێکی نەخوازراو"
ڕەوانەی ئەو خاکە بکرێتەوە کە لێی هەڵاتبوو، ئەو شوانەی خەونی بەژیانێکی ئارامەوە دەبینی،
ئێستا نەک هەر خۆی سوتاند، بەڵکو ناوبانگی هەزاران گەنجی دیكهشى لەگەڵ دوکەڵی هۆتێلەکاندا
بەرەو نادیاریى برد.
