سەدر شەقامی عێراقی دەهەژێنێت‌و په‌یامێكى به‌په‌له‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8972 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەڵوێستێکی نوێدا، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، پەیامێکی بەپەلەى ئاراستەی تەواوی گەلی عێراق کردو داوادەکات، ڕۆژی شەممەی داهاتوو، عێراقییەکان بەهەموو پێکهاتەو مەزهەبە جیاوازەکانیانەوە، بڕژێنەسەر شەقامەکانی وڵات.


موقته‌دا سەدر لەبەیاننامەیەکدا کە گوزارشت لەتوڕەیی‌و خەمخۆرییەکی قووڵ دەکات بۆ دۆخی ناوچەکە، نوسیویه‌تى، "داوا لەگەلی عێراق دەکەم، بەهەموو تائیفەو ئینتیماکانیانەوە، لەهەموو پارێزگاکانی عێراق ڕۆژی شەممەی داهاتوو خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجامبدەن".

چاودێران پێیانوایه‌، ئەم بانگەوازەی سەدر تەنها بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی نییە، بەڵکو وەک پەیامێکی توندی عێراقییەکانە بۆ جیهان، لەپێناو، شەرمەزارکردنی دەستدرێژییەکان‌و ڕاوەستانەوەیەکی جەماوەریی دژی ئەو هێرش‌و دەستدرێژیانه‌ى ئیسرائیل‌و ئەمریکا ده‌یكه‌ینه‌ سه‌ر عێراق.

هه‌روه‌ك پێیانوایه‌، هاوارکردنیشه‌ بۆ چەسپاندنی ئاشتی‌و کۆتاییهێنان بەو ململانێ خوێناوییانەی کە هەڕەشە لەسەقامگیریی ناوچەکە دەکەن.

سەدر لەبه‌یاننامه‌كه‌یدا نوسیویه‌تى، "ڕۆژی شەممە خۆپیشاندانەكە لەكاتژمێر 4:30ی عەسر ئەنجامبدرێت تاكو خۆرئاوابون‌و دواتر هەموان بەسەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەكانتان".

ئەم جوڵەیەی سەدر لەکاتێکی هەستیاردا دێت‌و چاوەڕواندەکرێت، شەقامی عێراقی وەڵامدانەوەیەکی بەرفراوانی هەبێت، تا جارێکی دیكه‌ عێراق وەک دەنگێکی یەکگرتوو لەدژی جەنگ‌و لەپێناو دادپەروەریی‌و ئاشتیدا دەربکەوێت.

بەپەلە