گورزێکی موشەکی لەفڕۆکەخانەی بەغدا وه‌شێندراو فڕۆکەیەکی سەربازیی به‌یەکجاریی له‌كارخرا

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1363 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا بەغدا هێشتا لەخەوێکی قووڵدا بوو، دەنگی تەقینەوە یەک لەدوای یەکەکان بێدەنگیی شەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدایان هەژاند، ئەمەش تەنها هێرشێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو گورزێکی کاریگەربوو کە بەر جەستەی هێزی ئاسمانیی عێراق کەوت.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، کاتێک تیشکی خۆر هێشتا دەرنەکەوتبوو، چەند موشەکێک لەلای کەرخی بەغداوە (دیوی ڕەسافە) ئاڕاستەی گۆڕەپانی فڕۆکەخانەو بنکەی پشتیوانی دیپلۆماسی کران، هێزە ئەمنییەکان دوای کەمێک گەڕان، سێ سەکۆی موشەکییان لەناوچەی (جسر دیالی) دۆزییەوە، کە وەک شوێنەواری تاوانەکە بەجێمابون.

ئەوەی ئەمجارە هێرشەکەی لەباسی زیانی مادی سادە گۆڕیی بۆ کارەساتێکی سەربازیی، پێکانی فڕۆکەیەکی جۆری (Antonov An-32B) بوو.

ئەم فڕۆکەیە کە سەر بەفەوجی 23ی بنکەی ئاسمانی (محەمەد عەلا) بوو، یەکێکبوو لەو ئەسپە سپیانەی کە ئەرکی گواستنەوەو پشتیوانی لۆجستیی سوپای عێراقی لەسەر شان بوو، ئێستا ئەو فڕۆکەیە دوای پێکانی ڕاستەوخۆ، بەتەواوی لەخزمەت دەرچوەو بوەتە پەیکەرێکی سوتاو.

ئەم ڕوداوە تەنها زیانێکی دارایی نییە، بەڵکو نیشانەیەکە بۆ مەترسییە بەردەوامەکانی سەر سەروەریی ئاسمانی‌و دامەزراوە ستراتیژییەکانی وڵات، لەکارکەوتنی فڕۆکەیەکی لەو شێوەیە، واتە کەمبونەوەی توانای گواستنەوەی سەربازیی لەکاتە هەستیارەکاندا.

تائێستا لایەنە فەرمییەکان بەوردی قەبارەی زیانە داراییەکانیان نه‌خەمڵاندوە، بەڵام پرسیارە گەورەکە لای شەقامی عێراقی ئەوەیە، تا کەی ئاسمانی فڕۆکەخانەکان دەبێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان‌و باڵە لەرزیوەکانی فڕۆکەوانی عێراق دەبنە نێچیری موشەکە بێ ناونیشانەکان؟.


بەپەلە