ئاگرو موشەک لەهەولێرو سلێمانی.. کۆمەڵە هۆشداریی توند لەباره‌ى تاوانەکانی ئێرانه‌وه‌ دەدات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1330 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنوێترین هەڵوێستیدا بەرامبەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران) ڕاگەیەندراوێکی توندی بڵاوکردەوەو تێیدا هۆشداریدەدات لەوەی، هەرێمی کوردستان کراوەتە مەیدانی حیساب‌ لێ دەرکردنی هێزە ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتییەکان.


ڕاگەیەندراوەکەى كۆمه‌ڵه‌ ئاماژە بەوەدەکات، شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی لەلایەک‌و ئەمریکاو ئیسرائیل لەلایەکی دیکە، پێی ناوەتە هەفتەی پێنجەمی خۆی، لەم نێوەندەدا، هەرێمی کوردستان بەبێ ویستی خۆی کێشکراوەتە ناو جەرگەی ململانێکان‌و ڕۆژانە دەکەوێتە بەر هێرشی موشەکی‌و فڕۆکەی بێ‌ فڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی‌و گروپە نیابەتییەکانی.

کۆمەڵە لەڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا پەردە لەسەر ئامارە خوێناوییەکانی ئەمدواییانە لادەبات‌و  ده‌ڵێت، "لەئەنجامی هێرش بۆسەر شوێنی حەوانەوەی هێزەکانی حکومەتی هەرێم لەکاتی پشودا، شه‌ش شه‌هیدو 30 بریندار هه‌یه‌، سه‌ربارى ئه‌مه‌ش ماڵی بەرپرسان‌و خەڵکی سڤیل كراوه‌ته‌ ئامانج به‌نمونه‌ هێرش بۆسەر ماڵی سەرۆکی حکومەت‌و ماڵە نیشتەجێبوەکانی گوندی زڕگوێزو شارەکانی هەولێرو سلێمانی، هه‌روه‌ك كه‌مپه‌كانى پەنابەرانیش لەهێرشەکان بەدەرنەبون.

لەبەشێکی دیكه‌ى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، سەرەڕای ئەوەی هەرێم بێلایەنیی خۆی ڕاگەیاندوەو دڵنیاییداوە کە خاکەکەی بۆ هێرش بەکارناهێنرێت، بەڵام هێرشەکان بەردەوامن. بۆ ئه‌وه‌ش کۆمەڵە دەڵێت، "ئەم هێرشانە نە بەرگرییەو نە هیچ پاساوێکی هەڵدەگرێت، بەڵکو تاوانێکی ئاشکرایە دژ بەژیان‌و ئاسایشی خەڵک".

ڕێکخراوی کۆمەڵە وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆ بنەماڵەی قوربانییان، جەختدەکاتەوە، نابێت خەڵکی کوردستان بایەخی شەڕو ماجەراجوویی دەوڵەتان بدات، داواشدەکات دەستبەجێ ئەم هێرشانە ڕابگیرێن‌و کۆماری ئیسلامی بەبەرپرسیاری یەکەمی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکەو وێرانبونی ماڵی هاوڵاتیان دەناسێنێت.

بەپەلە