تاڵانیی سپی.. چیرۆکی ئەو پیاوەی پارەی کارەبای ماڵە دزراوەکەی لێ وەردەگیرێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1774 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا دانیشتوانی ڕەسەنی شاری عەفرین لەژێر باری گرانی ژیان‌و بێبەشبون لەمافە سەرەتاییەکانیاندا دەتلێنەوە، چیرۆکی هاوڵاتیەکی کورد لەوشارە دەبێتە سەردێڕی میدیاکان‌و پەردە لەسەر جۆرێکی نوێی ستەمکاریی لادەبات.


ئەو هاوڵاتیە، کە ماوەی حەوت ساڵە ماڵ‌و موڵکی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، ئێستا نەک هەر ناتوانێت بگەڕێتەوە ناو ماڵەکەی، بەڵکو لەلایەن کۆمپانیاکانی خزمەتگوزارییەوە ناچارکراوە پارەی سەرفکردنی کارەبای ئەو حەوت ساڵەش بدات کە ئەوانەی دەستیان بەسەر ماڵەکەیدا گرتوە، بەکاریانهێناوە.

لەبری ئەوەی چەکدارەکان یان لایەنە داگیرکەرەکان پابەندبکرێن بەدانی پارەی کارەبا، کۆمپانیاکە خاوەنە ڕەسەنەکە ناچاردەکات قەرزەکان بداتەوە بۆ ئەوەی ناوی لەلیستی سزادراواندا نەمێنێت.

چاودێران پێیانوایه‌، ئەمە تەنها دزینی دیوارو زەوی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە(ڕاوڕوتی سپی) کە تێیدا خاوەن موڵک دەکرێتە بەرپرسیار لەخەرجییەکانی ئەوکەسانەی ماڵەکەیان لێ زەوتکردوە.

ئەم ڕوداوە لەکاتێکدا دەنگدەداتەوە کە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لەوەدەکەن، گەڕاندنەوەی موڵک‌و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لەعەفرین بوەتە کارێکی مەحاڵ‌و پڕە لەسەرانەسه‌ندن.

چالاکوانانی مافی مرۆڤ لەناوچەکە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم فشارە داراییانە، ئامانجیان کۆچپێکردنی زۆرەملێی ئەو خێزانە کوردانەیە کە هێشتا لەشارەکەدا ماونەتەوە، تاوەکو ناچاربن بەیەکجاریی دەستبەرداری ماڵ‌و حاڵیان ببن.

باس له‌وه‌شده‌كرێت، زۆرجار ئەنجومەنە خۆجێییەکان لەعەفرین بەڵگەنامەو تابلۆکانی خاوەندارێتی کوردەکان ڕەتدەکەنەوەو بەبێ بایەخ ناویان دەبەن، ئەمەش وادەکات خاوەن موڵک لەبەردەم کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری وەک کارەباو ئاو بەبەرپرسیار بمێنێتەوە بەبێئەوەی دەسەڵاتی بەسەر موڵکەکەیدا هەبێت.

لە18ى ئەیلولی ساڵى ڕابردودا، بڕیاری ژمارە شه‌ش لەلایەن کارگێڕیی خۆجێیی عەفرینەوە دەرچوو كه‌ یەکێکە لەو بڕیارە جێ مشتومڕانەی کە کاردانەوەی زۆری لێکەوته‌وه‌و بەبەربەستێکی نوێ لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان‌و وەرگرتنەوەی موڵکەکانیان دادەنرێت، (Circular No. 6) بۆ ڕێکخستنەوەی موڵکەکان ده‌ركرا، بەڵام لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی (ئه‌نه‌كه‌سه‌) ڕەتکرایەوە، چونکە بەڕێکارێکی بیرۆکراتی ئاڵۆز وەسفکرا کە ڕێگریی لەگەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات‌و بارگرانیی داراییان بۆ دروستدەکات.

ڕێکخراوی سۆریاییەکان لەپێناو ڕاستیی‌و دادپەروەریی (STJ) کە ڕێکخراوێکی ناحکومی‌و سەربەخۆیەو کار لەسەر بەدۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەتەواوی سوریادا دەکات، بەتایبەتی لەناوچەی عەفرین ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، گروپە چەکدارەکان خاوەن موڵکەکان ناچاردەکەن پارەی ئاوو کارەبا بدەن تەنانەت ئەگەر تێیدا نیشته‌جێش نه‌بن، ته‌نها بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت لەداهاتودا داوای موڵکەکەیان بکەنەوە.

لەهەندێک ناوچە وەک قەزای ڕاجۆ، خاوەن موڵکەکان ناچارکراون بڕی 500 بۆ دوو هه‌زارو 500 دۆلار بدەنە ئەوکەسانەی لەماڵەکانیاندا نیشتەجێن تەنها بۆ ئەوەی کاتی چۆڵکردنی ماڵەکە، دەرگاو پەنجەرەکان تێکنەشکێنن‌و لەگەڵ خۆیان نەیانبەن.

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، دروستکردنی ئەو ئاستەنگە داراییە جۆرێکە لەکۆچپێکردنی ناڕاستەوخۆ، زۆرجاریش خاوەن موڵک بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی گرتن‌و ئەشکەنجە نەبێتەوە، ناچاردەبێت ئەو پارانە بدات کە لەسەری کۆبوەتەوە، بێئەوەی هیچ لایەنێکی یاسایی هەبێت بەرگریی لێبکات.

لەنوێترین ڕاپۆرتدا کە لەکانونی دوەمی ئه‌مساڵدا پێشکەشی نەتەوەیەکگرتوەکان کراوە، داواکراوە کە هەموو ئەو موڵکانەی بەزۆر داگیرکراون چۆڵبکرێن بێئەوەی هیچ بڕە پارەیەک لەخاوەنە ڕەسەنەکانیان وەربگیرێت.

ئەم زانیارییانە نیشانیدەدەن کە کێشەی فواتێری کارەبا، تەنها نوکە ڕمی کێشەیەکی گەورەترە کە بریتییە لەشەرعییەتدان بەتاڵانی‌و سەرانەسه‌ندن لەژێر ناوی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا.

بەپەلە