دوای چوار ڕۆژ لەهەواڵەکەی ئیسرائیل ئه‌مڕۆ ئێران کوژرانی فەرماندەیه‌كى باڵاى وڵاته‌كه‌ى پشتڕاستکردەوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9264 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای چوار ڕۆژ لەبێدەنگی‌و ڕەتکردنەوەی ناڕەسمی، دواجار سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە بەڕەسمی گیانلەدەستدانی عەلی ڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ڕاگەیاند.


ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، میدیاکانی ئیسرائیل‌و لەسەرویانەوە کەناڵی 12 بڵاویانکردەوە، هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لەهێرشێکی ورددا لەشاری بەندەر عەباس، فەرماندەیەکی باڵای سەربازییان کردوەتە ئامانج کە بەرپرسی سەرەکی بوە لەپلانی داخستنی گه‌روى هورمز.

هەرچەندە لەچوار ڕۆژی ڕابردودا ئێران هیچ لێدوانێکی فەرمی نەدابوو، بەڵام ئەمڕۆ سوپای پاسداران لەبەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، تەنگسیری بەهۆی برینە سەختەکانییەوە گیانی لەدەستداوە، کە لەئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیلدا پێکرابوو.

تەنگسیری کێیه‌؟
لەساڵی 2018وە بەفەرمانی عەلی خامنەیی پۆستى فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانى وه‌رگرتوه‌.
بەیەکێک لەداڕێژەرانی سەرەکیی ستراتیژیی جەنگی ناهاوسەنگ لەدەریاداو بەکارهێنانی بەلەمی خێراو درۆن ناسرابوو.
ئیسرائیل‌و ئەمریکا بەبەرپرسی یەکەمی هەڕەشەکانی سەر هێڵە نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوەی نەوت لەکەنداو دەیانناسی.

ئەم به‌ئامانجگرتنه‌ بەگورزێکی گەورە بۆ دامەزراوەی سەربازیی ئێران دادەنرێت، بەتایبەت کە لەناو خاکی ئێران‌و لەناوچەیەکی ستراتیژیی وەک بەندەر عەباس ئەنجامدراوە.