بازاڕی نەوت لەلێواری تەقینەوەدایە.. مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ئاشكراده‌كرێت

ئابوری

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4939 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ هەڵاتنی خۆرى ئه‌مڕۆ دوشەممەو تائێستاش، جیهان چاوی لەسەر شاشەکانی بۆرسەیە، تەنها لەچەند کاتژمێرێکی کەمدا، نرخی زێڕی ڕەش (نه‌وت) بازدانێکی مێژویی تۆمارکرد، ئەمەش دوای ئەوەی گۆڕەپانی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاراستەیەکی مەترسیداری دیكه‌ى وەرگرت.


تەنها چەند ساتێک دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی تێوەگلانی حوسییەکان لەجەنگ‌و هێرشکردنەسەر ئیسرائیل، بازاڕەکانی وزە توشی شۆکبون، نه‌وتى خاوی برێنت بەڕێژەی 2.16% بەرزبوەوەو گەیشتە 115 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمە تەنها ژمارە نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ مانگێکی تۆمارکەری مێژویی کە جیهان هاوشێوەی کەمی وه‌ك ئێستاى به‌خۆوه‌ بینیوە.

لەهەمانکاتدا، نرخى به‌رمیلێك نه‌وتى تەکساسی ئەمریکیش بەهەمان ئاراستەدا هەنگاویناو گەیشتە 101.50 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی لەکۆتا دانیشتنی ڕۆژی هەینیدا، بازدانێکی گەورەی بەڕێژەی 5.5% تۆمارکردبوو.

ئەوەی شرۆڤەکارانی نیگەرانکردوە، چیتر تەنها پێکدادانێکی سنوردار نییە، بەڵکو گۆڕانی ململانێکانە بۆ جەنگێکی هەرێمیی فراوان کە ڕەنگە ئێران‌و ئەمریکا ڕاستەوخۆ ڕوبەڕوی یەکبکاتەوە.

ئەم ناسەقامگیرییە لەناوچەیەکدا کە گەورەترین دابینکاری وزەی جیهانە، وایکردوە وەبەرهێنەران لەترسی پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوە، پەنا بۆ کڕینی خێرا بەرن.

شرۆڤه‌كاران پێیانوایه‌، جیهان ئێستا لەبەردەم بڵێسەی ئاگرێکی وەهایە کە تەنها سنورە سیاسییەکان ناسوتێنێت، بەڵکو دەچێتە ناو وردەکاریی ژیانی هەموو ماڵێکەوە، ئەم بازدانە کتوپڕەی نرخی نەوت، زەنگێکی مەترسیداری بێدەنگەو جه‌ختیشده‌كه‌نه‌وه‌، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئابوریی جیهان لەسەر لێواری تەقینەوەیەکی گەورەیەو هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە سەقامگیریی وزە بوەتە قوربانیی یەکەمی جەنگ، بەجۆرێک کە ڕەنگە گەڕانەوە بۆ دواوە چیتر مەحاڵ بێت‌و جیهان بەرەو قۆناغێکی تاریک‌و پڕ لەگرانیی بێوێنە هەنگاوبنێت.

بەپەلە