شارپرێس:
لەهەنگاوێکی بێپێشینەدا کە کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتیو ناوخۆیی لێکەوتوەتەوە، پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) ڕۆژى 30ى ئهم مانگه، یاسای لەسێدارەدانی ئەو دیلە فەڵەستینییانەی پەسەندکرد کە تۆمەتبارن بەئەنجامدانی هێرش دژ بەئیسرائیلییەکان، ئەم یاسایە کە لەلایەن باڵی ڕاستڕەوی توندڕەوی حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆوە پاڵپشتیدەکرێت، بەتایبەتی لەلایەن ئیتیامار بن غەفیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی، وەک ڕۆژێکی مێژویی وەسفکرا.
پێشتر بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان پێویستی بەکۆدەنگی (ئیجماع)ی هەموو دادوەرەکان هەبوو، بەڵام بهگوێرهى یاسا نوێیەکە، دادگاکان دەتوانن بەزۆرینەی دەنگ (نەک کۆدەنگی) حوکمی لەسێدارەدان دەربکەن، یاساکە پابەندی دەخاتەسەر لایەنەکان کە سزای لەسێدارەدان (کە لەڕێگەی هەڵواسینەوە دەبێت) دەبێت لەماوەی 90 ڕۆژدا دوای دەرچونی سزاكه جێبەجێبکرێت، یاساکە تەنها ئەوکەسانە دەگرێتەوە کە هێرشیانکردوەتەسەر ئیسرائیلییەکان بەمەبەستی نەتەوەیی، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەکردەیی تەنها فەڵەستینییەکان دەگرێتەوەو جوەکان ناگرێتەوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتە مافپەروەرییەکان، دۆخی زیندانیان لەمەترسییەکی گەورەدایە، باس لهوهدهكرێت زیاتر لە9300 دیلی فەڵەستینی لەزیندانەکاندا هەن، لەنێویاندا ژنو منداڵیش ههیه، هاوكات ڕێژەی تاوانبارکردن لەدادگا سەربازییەکاندا 96٪ تێدەپەڕێنێت، ئەمەش ترسی ئەوەی دروستکردوە کە زۆرینەی دیلەکان ڕوبەڕوی ئەو سزایە ببنەوەو لەدوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023شهوه زیاتر لە 100 زیندانی بەهۆی ئەشکەنجەو پشتگوێخستنی پزیشکییەوە گیانیانلەدەستداوە، کە بەکوشتنی خاو وەسفدەکرێت.
ئەم بڕیارە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە، ڤۆڵکەر تورک کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ لهنەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریدا کە ئەو یاسایە پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامەی چوارەمی ژنێفەو بەتاوانی جەنگ هەژماردەکرێت، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش یاساکەی بەنیشانەی پەککەوتنی ئەخلاقیو بەهێزکردنی سیستەمی ئاپارتاید ناوبردو ئەنجومەنی باڵاى ئیسلامى عێراقیش وتویهتى، ئەوهى دهكرێت "داڕمانی کۆتایی یاسا نێودەوڵەتییەکانە"و داوای لەجیهان کرد بە"دەستێکی پۆڵایین" ڕوبەڕوی ئەو پێشێلکارییانە ببنەوە.
چاودێران پێیانوایە، ئەو یاسایە نەک تەنها دۆخی مافەکانی مرۆڤ بەرەو خراپتر دەبات، بەڵکو دەبێتە هۆی زیاترکردنی توندوتیژییەکان لەناوچەکەدا، چونکە ئیرادەی بەرگریی لەلای گەلی فەڵەستین بەهێزتردەکاتو دەرگای گفتوگۆ سیاسییەکان بەتەواوی دادەخات.
