شارپرێس:
لەگەڵ چونە ناو دوەم مانگی جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان واشنتۆنو تاران، جوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا گەیشتونەتە ئاستێکی مەترسیدار، بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، دوای گەیشتنی دوو ههزارو 500 سەربازی مارێنزو هەمان ژمارە لەدەریاوانان بۆ ناوچەکە، ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا 50 هەزار سەربازی تێپەڕاندوە، ئەمەش بەواتای زیادکردنی 10 هەزار سەرباز دێت لەچاو کاتە ئاساییەکاندا.
لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ تاووتوێی هەنگاوی داهاتوو دەکات، ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن، ئەمریکا پلانی هێرشی زەمینی فراوانترو کۆنترۆڵکردنی ناوچە ستراتیژییەکانی هەبێت، بەتایبەت بۆ بازدان بەسەر گەمارۆی سەر گهروى هورمز.
لەو چوارچێوەیەدا، فەرمانی ناردنی دوو ههزار سەربازی دیكهى تیمی (82ی ئاسمانیی) دراوە کە بەخێراییەکی بێوێنە دەگەنە ناوچەکەو دەتوانن ئەرکی کۆنترۆڵکردنی دورگەی خارگ کە جەمسەری سەرەکی هەناردەی نەوتی ئێرانە، بگرنە ئەستۆ.
بهگوێرهى زانیارییهكان، هەزاران سەربازی ئەمریكی لەهێزی تایبەتی پەڕەشوت گەیشتونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاتنی ئەم سەربازانە لەچوارچێوەی زیادكردنی بژاردەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دێت لەهێرشەكاندا بۆسەر ئێران، دوو بەرپرسی باڵای ئەمریكاش بەڕۆیتەرز-یان وتوه، "ئەو سەربازانە سەر بەفیرقەی 82ی پەڕەشوتن كە فیرقەیەكی هێزی تایبەتی سوپای ئەمریكان".
دوو بەرپرسە ئەمریكییەكە كە نەیانویستوە ناوەكانیان ئاشكرابكرێت، ئاماژەیان بەشوێنی دیاریكراوی ئێستای ئەو سەربازانە نەكردوە، بەڵام جەختیانكردوهتەوە، ئێستا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لەکاتێکدایە کە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل هەزاران هێرشیانکردوەتەسەر بنکەو سەرکردە ئێرانییەکانو تاران بەهێرشکردنەسەر بنکە ئەمریکییەکانو ئیسرائیلو وڵاتانی ناوچەکە وەڵامیداوەتەوە، ئەمەش بازاڕی وزەو هاتوچۆی دەریایی جیهانی شێواندوە.
لەگەڵ ئەو هەموو توندبونەوەیەشدا، شارەزایانی سەربازیی هۆشداریدەدەن کە 50 هەزار سەرباز بەراورد بەقەبارەی ئێران ژمارەیەکی زۆر کەمە، ئەوان ئاماژە بەوەدەکەن، تەنها بۆ گرتنی غەززە ئیسرائیل 300 هەزار سەربازی بەکارهێناو بۆ داگیرکردنی عێراقیش لەساڵی 2003دا ئەمریکا 250 هەزار سەربازیی پێویست بوو.
ئهوان جهختدهكهنهوه، بۆیە کۆنترۆڵکردنی وڵاتێکی وەک ئێران کە نیشتمانی 93 ملیۆن کەسەو ڕوبەرەکەی هێندەی سێیەکی ئەمریکایە، بەم ژمارە کەمەی ئێستای سوپای ئەمریکا، وەک کارێکی مەحاڵو دور لەواقیع دەبینرێت، مەگەر تەنها بۆ ئۆپەراسیۆنی سنوردارو لێدانی ئامانجە هەستیارەکان بێت.
