گرێبەستى چەکداری ئەمریکا–سعودیە و کاریگەرییەکانی لەسەر هاوسەنگی هێز

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 210 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پوختە 
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە لە گۆڕانکارییە ستراتیژییە خێراکان، بە تایبەتی لەسایەی زیادبوونی پێشبڕکێی چەکداری و گرژیی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک، و ئێران لە لایەکی تر. ئەم نوسينە گرنگی دەدات بە شیکردنەوەی گرێبەستى چەکداری ئەمریکا–سعودیە کە  بەیەکێک لە گەورەترین گرێبەستە چەکدارییەکانی ناوچەکە ناسراوە. نوسینەکە ڕوونکردنەوە دەدات لەسەر ڕەهەندە سەربازییەکانی ڕێککەوتنەکە، کاریگەرییەکانی لەسەر هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە، و ئەگەری بەکارهێنانی لە دژی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەى ئێران و دواجار وەڵامەکانی ئێران دەشیکاتەوە. 

پێشەکی 
دۆناڵد ترامپ لە هەنگاوێکدا کە بەدووبارە کێشانەوەى هاوسەنگى هێزە لەناوچەکە ناسراوە، ڕەزامەندى دا لەسەر گەورەترین گرێبەستى فرۆشتنى چەک بە سعودیە بە بەهاى 146 ملیار دۆلار بە ئامانجى گۆڕینی هەژمونى ناوچەکە لە بەرژەوەندى سعودیە لە چوارچێوەى پشتیوانى هاوبەش و بێسنوور بۆ بەردەوامبوونى هێرشە سەربازییەکان دژ بە ئێران. گرێبەستەکە فرۆشتنى سیستمە پێشکەوتووەکانى وەک F-35، توماهوک و GBU-57دەگرێتەوە و پرسیارى سەرەکى ستراتیژی لێرەدا ئەوەیەکە ئامانجى لەم ڕێکەوتنە و لێکەوتەکانى چی دەبن لەسەر ئاستى ناوچەکە؟ ئامانجی ئەم نوسینە شیکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنەیە لە چوارچێوەی جیۆپۆلیتیکی و هەڵسەنگاندنی ڕۆڵەکەیەتی لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەگەڵ ئێران. 

یەکەم: چوارچێوەی تیۆری – پڕچەککردن وەک ئامرازێک بۆ هاوسەنگکردنى هێز
چەمکی هاوسەنگی هێز: چەمکی هاوسەنگی هێز بە مانای هەوڵدانە بۆ ڕێگرتن لە سەرکەوتنی لایەنێک لە ڕێگەی دروستکردنی توانای سەربازی لایەنێکى تر.
بەرپەرچدانەوەى کلاسیکی لەبەرامبەر  بەرپەرچدانەوەى هێرشبەرانە: بەرپەرچدانەوەى کلاسیکی بریتییە لە ڕێگریگرتن لە جەنگ لە ڕێگەى هەڕەشەکردن بە بەرگریی، بەرپەرچدانەوەى هێرشبەرانەش بەماناى بەدەست هێنانى توانى هێرشکردنى دەستپیشخەرییانە دێت. ئەم ڕێککەوتنەى ئێستا نیشانەی گواستنەوەیە لەدۆخى  یەکەمەوە بۆ دۆخى دووەم.

دووەم: پێکهاتەکانی ڕێککەوتنەکە و شیکردنەوەی سەربازی
فڕۆکەی نەوەى پێندی  F-35: یەکێکە لە پێشکەوتووترین فڕۆکەکانی جیهان بە توانای خۆشاردنەوە کە فڕۆکەى تارماییش ناسراوە.کاریگەرییەکانى شکاندنی بەرگریی ئاسمانى ئێران، ئەنجامدانى هێرشى ورد و کەمکردنەوەی زیانە مرۆییەکانى لایەنى هێرشبەر.
بۆمبی GBU-57سەنگەر شکێن: بۆ تێکشکاندنی دامەزراوەکانى ژێرزەوى بەکاردەهێنرێت وەک پێگە ئەتۆمییە تۆکمەکانى ئێران. بەمەبەستى بەئامانجگرتنی دامەزراوەى وەک فۆردۆ و شکاندنی ستراتیژی پاراستنى قووڵى ئێران.
موشەکى توماهوک و ATACMS: توانای ئەنجامدانى هێرشی وردى دوورمەوداى هەیە بە بێ ئەوەى ناچاربێت بێتە سنوور ببڕێت و بەم شێوەیەش مەترسی و زیانەکان کەمتر دەکاتەوە.

سێیەم: ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا
 جڵەوکردنى ئێران: ئەمریکا هەوڵدەدات هەژمونى ناوچەیی ئێران کەمبکاتەوە بەتایبەت لە عێراق و لوبنان.
 دابەشکردنی بارى دابینکردنى ئاسایش: ئەمریکا مەبەستێتى دەستوەردانى سەربازى  خۆى کەمتربکات و هاوپەیمانەکانى بەهێزتر بکات.
پاراستنی هەژمونی سەربازی: لەڕێگەى پشتگیری پیشەسازی چەک و بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکان. 

چوارەم: کاریگەری لەسەر ئێران
هەڕەشە بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمی: چەکە پێشکەوتووەکان هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەتایبەت لە ژێر زەویدا.
وەڵامی ئێران:
جەنگی ناهاوسەنگ: میلیشیا و هێزە پڕۆکسی و هێرشە ناڕاستەوخۆکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا .
پەرەپێدانی تواناى بەرگری: سیستمی دژە فڕۆکە و پەرەپێدانى پیشەسازى ناوخۆ. 
بەرپەرچدانەوەى مووشەکی: پەرەدان بە مووشەکی بالستیک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان. 

پێنجەم: سیناریۆکانی ململا‌نێ: ئەم ڕێکەوتنە ئەگەر هەیە ببێتە هۆی 
هێرشی دەستپێشخەرییانە: هێرشی ئاسمانی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بە شێوەى سێقۆڵى (ئەمریکا–سعودیە–ئیسرائیل) .
بەرپەرچدانەوە هاوبەش: هاوسەنگی ناسەقامگیر بۆ ڕێگرتن لە جەنگ. 
جەنگی بە وەکالەت: چالاک کردنى هێزە پڕۆکسییەکان لە عێراق و لوبنان و یەمەن. 

شەشەم: کاریگەرییە ناوچەییەکان
پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن: هێنانى فڕۆکەى F-35  بۆ ناوچەکە دەکرێت ببێتە هۆی پێشبڕکێ  خۆپڕچەککردن لە ناوچەکە.
ڕۆڵی ئیسرائیل: ترس لە لەدەست دانى باڵادەستى سەربازى و ئەگەرى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانەى لەگەڵ چەند وڵاتێکى دیاریکراوى کەنداو بەدوور لە سعودییە.  

کۆتای 
گرێبەستى چەکداری ئەمریکا–سعودیە نیشانەی گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە بەرەو پەرەپێدانی توانای هێرشکارانە لە کەنداو و دروستکردنی جۆرێکی نوێی بەرپەرچدانەوە دژ بە ئێران، بەڵام ئەمە بەمانای نزیکبوونەوەی بەرکەوتنى سەربازى نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ دروستبوونی جۆرێک تر لە جەنگی ساردی ناوچەیی کە دەکرێت بگۆڕێت بۆ ململا‌نێی سنووردار یان ناڕاستەوخۆ.

سەرچاوەکان
الجزيرة. (2025). ترامب يوافق على بيع مقاتلات إف-35 إلى المملكة العربية السعودية.
Agnes Helou. (2025) صفقات الطائرات المقاتلة وأنظمة الدفاع الصاروخي في الشرق الأوسط: اتجاهات عام 2026. موقع Breaking Defense.
رويترز. (2025). الولايات المتحدة توافق على بيع حزمة أسلحة للسعودية بقيمة 142 مليار دولار.
S. Zhang. (2025) ترامب يمنح السعودية صفة حليف رئيسي من خارج حلف الناتو مع صفقات تسليح. موقع Truthout.
 Anthony H. Cordesman. (2020) التوازن العسكري المتغير في منطقة الخليج. واشنطن: مركز الدراسات الاستراتيجية والدولية (CSIS).
Michael Eisenstadt. (2019) الاستراتيجية العسكرية لإيران. واشنطن: معهد واشنطن لسياسات الشرق الأدنى.
Stockholm International Peace Research Institute (SIPRI). (2024) اتجاهات نقل الأسلحة الدولية. ستوكهولم: المعهد الدولي لأبحاث السلام.
. Gregory Gause III. (2014) العلاقات الدولية في الخليج العربي. كامبريدج: مطبعة جامعة كامبريدج.

بەپەلە