شارپرێس:
لەکاتێکدا ئەنكەرە بەردەوامە لەجەختکردنەوە لەسەر بایکۆتی تەواوی ئابوریی دژی ئیسرائیل، ئامارە نوێیەکان گومانو مشتومڕی زۆریان لەناوخۆی تورکیا دروستکردوە، بڵاوبونەوەی داتایەک کە باس لەئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەملیۆنان دۆلار دەکات، حکومەتی تورکیای خستوەتە بەردەم شەپۆلێکی نوێی ڕەخنەی ئۆپۆزسیۆن.
بهگوێرهى داتا فەرمییەکان کە لەلایەن نوسینگەی ئاماری ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە، تەنها لەدوو مانگی یەکەمی ئهمساڵدا، قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات گەیشتوەتە 176.1 ملیۆن دۆلار، ئەم بڕە پارەیە تەنها ژمارە نییە، بەڵکو بوەتە چەکێکی سیاسیی بەدەست نەیارانی حکومەتەوە.
موراد ئەمیر پەرلەمانتاری دیاری ئۆپۆزسیۆن پەردەی لەسەر وردەکاریی ئەو هەناردەکارانە لادا کە پێکهاتون لەکەرەستەی پیشەسازیی، کانزاو قوماش، ئەو جەختدەکاتەوە، "ئەم بازرگانییە بەنهێنی بەردەوامەو گوتاری سیاسیی حکومەتیش بەدوفاقی وەسفدەکات".
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بازرگانی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، سیستەمی گومرگی بەڕوی ئیسرائیلدا داخراوە.
چاودێرانیش ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم کاڵایانە ڕەنگە لەژێر ناوی (هەناردە بۆ فەڵەستین) یان لەڕێگەی وڵاتانی سێیەمەوە (وەک یۆنانو قوبرس) بگەنە بازاڕەکانی ئیسرائیل، ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ دەربازبون لەسزاکان، بەڵام لەئامارە نێودەوڵەتییەکاندا وەک سەرچاوەی تورکی تۆماردەکرێن.
ئەم دۆسێیە تەنها پەیوەندیی بەئابورییەوە نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ متمانەی جەماوەریی تورکیا بەبڕیارە سیاسییەکانی وڵاتەکەیان، لەکاتێکدا شەقام داوای بڕینی تەواوەتی پەیوەندییەکان دەکات، ژمارەکان چیرۆکێکی جیاواز دەگێڕنەوە.
