كوپه‌ر به‌سه‌ردانێكى به‌په‌له‌ گه‌یشته‌ ئیسرائیل

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5520 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەدمیراڵ براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM)، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ ئیسرائیل لەڕۆژانی یەکشەممەو دوشەممە، لەگەڵ ئیال زامیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کۆبوەوە بۆ تاووتوێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی جەنگی ئێران.


تیم هۆکینز وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئه‌مریكا وتویه‌تى، "کوپەر لەگەڵ زامیر باسیان لەئەو پێشکەوتنانە کردوە کە لەئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکاندا بەدەستهاتون کە ئامانجیان کەمکردنەوەی توانای ئێرانە بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی بەشێوەیەکی کاریگەر لەدەرەوەی سنورەکانی".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەردولا جارێکی دیکە جەختیان لەپتەوی هاوبەشی بەرگریی نێوان ویلایەتەیەکگرتوەکانى ئه‌مریكاو ئیسرائیل‌و گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی نێوانیان کردەوە.

هۆکینز ئاماژەی بەوەشکرد، ئەدمیراڵ براد کوپەر پێش جێهێشتنی ناوچەکە، لەگەڵ ئەو هێزە ئەمریکیانە کۆبوەتەوە کە لەچەندین شوێن جێگیرکراون بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکاو ڕێزی لەزیاتر لە 40 ئەندامی سەربازیی گرتوه‌و میدالیای پێبەخشیون وەک پێزانینێک بۆ ئەدای نایابیان لەهەفتە یەکەمەکانی ئۆپەراسیۆنەکەدا.

ئەم سەردانە لەکاتێکدایە کە کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا لەناوچەکەدا بەردەوامە، بەجۆرێک نزیکەی 2500 سەربازی مارێنزو هەمان ژمارە لەدەریاوانان گەیشتونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش ژمارەی هێزە ئەمریکییەکان لەناوچەکەدا بۆ زیاتر لە 50 هەزار سەرباز زیاد دەکات، کە نزیکەی 10 هەزار سەرباز لەباری ئاسایی زیاترە، لەهەمانکاتدا، بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، دۆناڵد ترەمپ، تاووتوێی هەنگاوی داهاتوو دەکات لەو جەنگەی کە مانگێکە دژی ئێران بەردەوامە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، هێشتا ئەرکەکانی یەکەی 31ى هێزە دەریاییە نێردراوەکان ڕون نین، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، ترەمپ تاووتوێی ئەگەری دەسپێکردنی هێرشێکی فراوانتر دەکات کە ڕەنگە دەستبەسەرداگرتنی دورگەیەک یان ناوچەیەکی وشکانی لەخۆبگرێت، وەک بەشێک لەهەوڵەکانی بۆ کردنەوەی گەروی هورمز.

به‌گوێره‌ى وتەی بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکی، بەزۆری نزیکەی 40 هەزار سەربازی ئەمریکی لەبنکە سەربازییەکان‌و لەسەر کەشتییەکان لەناوچەکەدا هەن، بەڵام پەرەسەندنی شەڕی ئێران لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە ئەم ژمارەیەی بۆ زیاتر لە 50 هەزار سەرباز بەرزکردوەتەوە.

ڕۆژنامەکە ئه‌وه‌شى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، ئەو ژمارەیە 4500 سەرباز ناگرێتەوە کە لەسەر پشتی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی (USS Gerald R. Ford) بون، کە توشی چەندین تێکچونی بەردەوامبوو، لەوانە ئاگرکەوتنەوە لەژوری جلشۆریندا، ئەمەش وایکرد لە 23ی ئه‌م مانگه‌دا لەناوچەکە بکشێتەوەو ڕوو لەدورگەی کریت بکات، پێشئەوەی ڕۆژی هەینی بگاتە کرواتیا، هێشتا ڕون نییە شوێنی مەبەستی داهاتوی کوێ دەبێت.

لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ی شوباتی ئه‌مساڵ، ئەمریکاو ئیسرائیل بەردەوامن لەئەنجامدانی هەزاران هێرش، کە سەرکردە ئێرانییەکان‌و شوێنە گرنگەکان دەکەنە ئامانج، ئەمەش لەناوەڕاستی مەترسییەکانە لەزیادبونی پەرەسەندنەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی بۆردومانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل‌و چەند وڵاتێکی ناوچەکە لەلایەن ئێرانەوە، کە ئەم گرژییانە بونە هۆی پەکخستنی هاتوچۆی دەریاوانی‌و شێواندنی بازاڕەکانی وزە لەجیهاندا.